ڕۆژئاوای كوردستان له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆدایه‌

sharpress.net

1716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

11/07/2019‌

شارپرێس:
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان ئێستا ناوچه‌كانی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵام له‌چه‌ند له‌هه‌فته‌كانی ڕابردووه‌وه‌ جموجوڵێك به‌ئاڕاسته‌ی دانپێدانانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و ناوچانه‌ له‌ئارادایه‌.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی سیاسی سوریای دیموكرات (مه‌سه‌ده‌) و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) وه‌ك لایه‌نی سیاسی و سه‌ربازی ڕۆژئاوای كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردووه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌ئاڕاسته‌ی سه‌پاندنی ئه‌مری واقع بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانیان چڕكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید.

كوردانی سوریا ده‌ڵێن، هه‌رگیز دۆخی ئه‌وان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی پێش شۆڕشی سوریا، داوای دانوستانیش له‌ دیمه‌شق ده‌كه‌ن بۆ قبوڵكردنی ئه‌و دۆخه‌ی هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ و داننان به‌ مافه‌كانی كورد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، به‌ڵام تا ئێستا دیمه‌شق وه‌ڵامی كوردی نه‌داوه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕۆژئاوای كوردستان به‌هێزبكه‌ن.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو قافڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هاوكاری لۆجستی له‌خاكی عێراقه‌وه‌ گه‌یشته‌ ڕۆژئاوای كوردستان، كه‌ قافڵه‌كه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ڕزگركراوه‌كان بوو، ئێستا هه‌فتانه‌ یان هاوكاریی سه‌ربازیی، یان لۆجستی ده‌گاته‌ ڕۆژئاوای كوردستان.

هه‌فته‌ی ڕابردوو هه‌سه‌ده‌ به‌فه‌رمی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕێككه‌وتنێكی واژۆكرد بۆ ڕێگریكردن له‌وه‌ی منداڵان له‌ڕۆژئاوای كوردستان چه‌ك هه‌ڵبگرن، ئه‌وه‌ش به‌مامه‌ڵه‌یه‌كی فه‌رمی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ڕۆژئاوای كوردستان داده‌نرێت.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌نجامدانی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بوو به‌به‌شداریی 15 وڵات كه‌ له‌نێویاندا ئه‌مریكا، سعودییه‌ و میسر هه‌بوو، ڕۆژنامه‌ی وه‌ته‌ن كه‌ نزیكه‌ له‌ ڕژێمی سوریاوه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر كۆنگره‌كه‌ و به‌ هه‌وڵێك بۆ دابه‌شكاریی سوریا ناویبرد.

ڕ . ج




ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved