رەوتی حیکمە: عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان هەڵسوکەوت دەکات

عیراق

12/07/2019‌ 1560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەوتی حیکمەی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیری عێراق بەلایەنگریکردنی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە ببێت ، بەوەش عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیری حکوومەتی کوردستان وەسف دەکەن .

عەلی بەدیری پەرلەمانتاری رەوتەکە بە رۆژنامەی "عەرەبی جەدید"ی گوتووە " دەستوری عێراق بەوپەڕی ڕوونی باسی لە یەکسانی لەنێوان هەموو گەلی عێراق کردووە ، بەڵام لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوە نابینین"، جەختیش دەکاتەوە کە لەنێوان دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی کوردستان موجامەلەی سیاسیی هەیە .

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بەدیری دەڵێت " یاسای بودجە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات لەبەرانبەر وەرگرتنی بەشێک لە بودجەی عێراق ، بەڵام هەتا ئەم ساتە هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بەوەی بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات و ئەو برە نەوتەی ئاماژەی بۆ کراوە رادەستی بەغدا بکات".

ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیکمە دەڵێت ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە هەموو هەناردەی نەوتی ناوەراست و باشووری عێراق وردبینی تێدا دەکرێت ، بەڵام بەغدا چاوپۆشی دەکات لەو بەتاڵانبردنەی نەوتی هەرێمی کردستان و بەهەدەردانی داهاتەکانی .

بەدیری باس لەوە دەکات کە حکوومەتی فیدراڵی بە دووفاقی مامەڵە دەکات و  دەڵێت " هەست دەکەین عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی کوردستان دەجوڵێتەوە نەوەک وەک سەرۆکی حکوومەتی بەغدا ، لەبەر ئەوەی زۆر  جەخت لەسەر بەرژەوەندیەکانی هەرێم دەکاتەوە و مافەکانی هاوڵاتیانی باشووری پشتگوێ خستووە ".

وەرگێڕان:  ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی