ئەمەریكا بەهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كودەتا لەعێراق تۆمەتباردەكرێت

عیراق

13/07/2019‌ 553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەباح عەگیلی پسپۆڕی ئەمنی عێراقی ، هۆشداریدەدات لە پلانێكی ئەمەریكی بۆ درووستكردنی كودەتای سەربازی لەعێراق لەرێگای پیلانگێڕی هەندێك فەرماندەی  سەربازی هاوشێوەی لیوا روكن مەحمود فەللاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار.

ئەو دەشڵێت ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ فەللاحی دەرگا لەبەردەم لێكۆڵینەوە لەپەیوەندی تەلەفۆنی تریش دەكاتەوە، كە رەنگە پیلانگێڕی تریش ئاشكرابكات.

عەگیلی لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" دەڵێت: لایەنی ئەمەریكی لەڕێگای دەروازەی سنووری تەربیل و لەڕێگای ئەردنەوە زیاتر لە ١٠٠ ئامێری سەربازیان بردووەتە ناو  بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار ، ئەوە جگە لەفراوانكردنی بنكەكە ، ئەو هەنگاوەش گەلێك پرسیار دەوروژێنێت.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا دەڵێت: حكومەتی بەغدا هەموو بەڵگە و دەسەڵاتێكی یاسایی لەبەر دەستە بۆ دەركردنی هێزە ئەمەریكییەكان لەوڵات ، بەتایبەت دوای ئەوەی هیچ پێویستییەك بەمانەوەی هیزەكانی ئەمەریكا لەناو خاكی عێراق نەماوە.

ئەو پسپۆرە ئەمنییە هۆشداری دەدات لەئامادەكارییەكانی ئەمەریكا بۆ درووستكردنی كودەتایەكی سەربازی لەعێراق لەڕێگای پیلانگیری هەندێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ناو سوپای عێراق ، هاوشێوەی ئەوەی لیوا مەحمود فەللاحی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار پێی هەستاوە بەدزەپێكردنی زانیاری لەسەر پێگەكانی حەشدای شەعبی بۆ ئەمەریكییەكان .

هەروەها دەڵێت: ئەگەر راستی و دروستی ئەو تۆمارە دەنگییە سەلمێنرا، كە دراوەتە پاڵ فەللاحی ، ئەوە سەردەكێشێت بۆ لیكۆڵینەوە لە پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆماری تریش، ئەوكات تیوەگلانی هەندێك بەرپرسی سیاسی و ئەمنی لە پیلانگیڕی لەسەر عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە ئاشكرا دەبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی