كۆتایی هاوپەیمانی توركیاو ئەمریكا
سزای توند لەواشنتۆنەوە بۆ ئەنقەرە بەرێوەیە

جیهان

13/07/2019‌ 3360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ وەرگرتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" ی روسی ، ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا خۆی بۆ سەپاندنی سزاگەلێك، كە بە "توند" وەسف كراوە  ئامادە دەكات، بەشێوەیەك دورخستنەوەی توركیا لە بەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی پێشكەوتووی "ئیف-٣٥" یش دەگرێتەوە .

ماوەی دوو ساڵ دەبێت وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هۆشداری دەداتە توركیا بەوەی لەكڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی دوور بكەوێتەوە.

واشنتۆن هەڕەشەی ئەوەی لە توركیا كردووە، كە ئەگەر بێت و ئەو سیستەمە روسییەی بەدەست بگات ئەوە سزای بەسەردا دەسەپێنێت ، ئەوەش هەنگاوێكە زیاتر ئابووری توركیا ئیفلیج دەكات‌و رۆڵی توركیا لەناو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" سنووردار دەكات و بۆ هەتا هەتایەش كۆتایی بەهاوپەیمانی نێوان توركیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەهێنیت ، ئەوەش بەپێی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی.

بەڵام سەرەرای ئەو هەموو هۆشدارییەی واشنتۆن ، بەپێی قسەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ، لەكاتێكی نزیكدا ئەو وڵاتە خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو سیستەمە مووشەكییە روسییە ئامادە دەكات .

نووسەری ئەمەریكی جۆش رۆگین ،پسپۆڕ لە سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتیمانی دەڵێت: بڕیاری ئەردۆغان بۆ هەنگاونان بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠" ی روسی وەك تەحەددایەك بۆ كۆنگرێس و حكومەتی ئەمەریكی  هەر تەنیا پەیوەست نییە بە وڵاتە یەكگرتووەكان‌و توركیاوە، بەڵكو بەراستگۆیی سیاسەتی سزاكانی ئەمەریكا لەسەرانسەری جیهانیشدا پیشان دەدات، لەبەر ئەوەی ئەردۆغان سەرپێچی ئەو بەڵێنانەی كردووە، كە تیمەكەی ترامپ داویانە بەوەی یاسا بەسەر هەر دەوڵەتێكدا جێبەجێ دەكەن كە پیشەسازی سەربازی روسی بەكاربهێنێت.

رۆگین جەخت لەوە دەكاتەوە، گەلێك لە بەرپرسانی ئەمەریكی رایانگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ خۆی ئامادە دەكات هەر ماوەیەكی كەم دوای وەرگرتنی سیستەمی "ئێس-٤٠٠" سزای زۆر توند بەسەر توركیادا بسەپێنێت ، ئەوكات ئەردۆغان ناتوانێت بڵێت پیشتر ئاگادار نەكراومەتەوە.

مانگی رابردوو ئەردۆغان وتی: ترامپ پێیوتووە بەهۆی گرێبەستی مووشەكە روسییەكەوە سزا بەسەر توركیادا ناسەپێنین ، ئەوەش دوای ئەوەی ترامپ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد پێشتر و لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا لەو دۆسیەیەدا دادپەروەرانە نەبووە.

هەر مانگی رابردوو ، كای بایلی هاچیسۆن باڵیۆزی ئەمەریكا لە ناتۆ وتی: لەگەلێك لە بۆنەكاندا وتوومانە ئاكامەكانی ئەو گرێبەستە بۆ توركیا باش نابن ، هەروەك بۆ ئەمەریكاش باش نابێت ، بەڵام سزاكان پێویستن و هیچ بژاردەیەكی ترمان لەبەردەست نییە.

سەرەرای سزادانی توركیا بەپێی یاسایەك، كە لەساڵی ٢٠١٧ دەرچووە و پێیدەوترێت، ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمەریكا (كاتسا) ، كە كاریگەری لەسەر كەتێكی فراوانی ئابووری توركیا دادەنێت ، لەهەمان كاتیشدا ئەو وڵاتە بەتەواوەتی لە بەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی "ئێف-٣٥" دوور دەخرێتەوە.

جۆش رۆگین لە بابەتەكەیدا لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەشڵێت: وادیارە بڕیاری دوورخستنەوەی توركیا لە بەرنامەی "ئیف-٣٥" روونە ، واشنتۆن ڕێگە نادات توركیا خاوەنی دوو سیستەمی بەرگری بێت لەناو یەك رووبەری جوگرافیدا.

سەبارەت بە سەپاندنی سزای فراوانتر بەسەر توركیادا ، ئیدارەی ئەمەریكی كۆمەڵێك بژاردەی لەبەردەستە وەك جیاكردنەوەی دامەزراوە توركییەكان لە دامەزراوە داراییەكانی ئەمەریكا ، پینەدانی ڤیزا بە بەرپرسانی توركیا و سڕكردنی پارەكانیان لە ئەمەریكا ، درووستكردنی ئاستەنگ بۆ توركیا لە وەرگرتنی پارە لە دامەزراوە داراییە جیهانییەكان و چەندینی تریش.

نووسەر ئەوەش دەڵێت: سەرەرای ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیا هێشتا نەدراون ، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریكا پێیان راگەیاندووم، كە وەڵامی ئیدارەی ئەمەریكی زۆر توند دەبێت .

هەروەها كۆنگرێس هاورایە لە سەپاندنی سزای توند بەسەر توركیادا ، لە مانگی حوزەیراندا ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران بەكۆدەنگی بریارێكیان دەركرد، كە تێیدا داوایان لە ئیدارەی ترامپ كردووە ئەگەر ئەردۆغان لە كڕینی سیستەمی مووشەكی رووسی پاشگەز نەبۆوە، ئەوە سزای زۆر توند بەسەر توركیادا بسەپێنێت .

نووسەر لەسەر زاری رۆبەرت مینیندیز ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجوومەنی پیران گواستوویەتییەوە، كە یاسا روونە و هیچ گومانێك هەڵناگرێت ، پێشتر چەندین جار هۆشداریمان داوەتە توركیا ، ئەو سزایانەی دەیخەینە سەر توركیا ئاكامی ماڵوێرانكەری دەبێت بۆسەر ئابووری ئەو وڵاتە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵێ‌ ئاڵی