ئامانجی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریاو رۆژئاوای كوردستان

جیهان

13/07/2019‌ 1756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئاشكرابوونی  ئامانجی راستەقینەی پشت داگیركاری ئەمەریكا لە سوریا"، لەژێر ئەو ناونیشانە ، لیۆپۆڤ شڤیدۆنا لەرۆژنامەی " سڤۆدنایا بریسا " بابەتێكی لەسەر ئەو كۆمەڵە لێكۆڵینەوەیە نووسیوە، كە كۆنگرێسی ئەمەریكا لەسە ڕەوشی سوریا ئامادەیكردووە و نووسەرە روسییەكەش لەوبارەیەوە سەرنجی لەسەرداوە .

لەبابەتەكەدا هاتووە : لەم دواییانەدا دەزگا راگەیاندنە بیانییەكان بەڵگەنامەیەكیان لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سوریا بڵاوكردووەتەوە، كە زۆر جێگای سەرنجە .

ئەو بەڵگەنامەیە كۆمەڵێك شارەزای بارودۆخی سوریا ئامادەیان كردووە، كە كۆنگرێس هەڵیبژاردوون ، تێیدا گرووپێكی لێكۆڵینەوە لەسەر سوریا درووست كراوە ، كاری ئەوان ئەوە بووە دۆناڵد ترامپ لەوە ئاگادار بكەنەوە، كە وڵاتە یەكگرتووەكان دەبێت لە سوریا چی بكات .

ئەو بەڵگەنامەیە دوای لێدوانی رۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سوریا بڵاوكراوەتەوە، كە رایگەیاندبوو، واشنتۆن هیچ ستراتیژێكی روونی لەسوریا نییە، بەڵام دەركەوتووە فۆرد هەڵەبووە ، وڵاتە یەكگرتووەكان ئامانجی روونی لەسوریا هەبووە، كە گرنگترینیان پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلە.

هەروەك راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە، كە واشنتۆن زۆر گرنگی بەداعش نادات ، چجای یەكپارچەیی خاكی سوریای بەلاوە گرنگ بێت ، ئەوەی سەیرە ئەمەریكییەكان زۆر بەتەنگ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوەن و  بەتەواوەتی بەرژەوەندییەكانی خۆیان بیر چووەتەوە ، لەسەر ئەو بنەمایە دەكرێت بڵێین رۆبەرت فۆرد تاراددەیەك لەسەر حەق بووە .

لەو بارەیەوە ، رۆژنامەی "سڤۆبۆنایا بریسا" چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئۆلیگ گۆشین ، رۆژهەڵاتناس و توێژەری رووسی كردووە و تێیدا دەڵێت : لەڕووی پرەنسیپەوە ئیسرائیل بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گرنگە ، ئەو وڵاتە پێكهاتەی سەرەكی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمەریكایە ، لەڕێگای ئیسرائیلەوە دەتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی گەلێك لە بوارەكانی ژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بكەن، لەگەڵ ئەوەش .. وڵاتە یەكگرتووەكان سیاسەتی دەرەكیی نییە بەڵكو تەنیا سیاسەتی ناوخۆیی هەیە و هەموو شتێك لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ، هەموو دژبەیەكییەكان بەهۆی رووبەڕووبوونەوەكانی ناوخۆوەیە . ترامپ شتێكی دەوێت ، بەڵام شتێكی تری بەسەردا دەسەپێنن . دەیەوێت سەربازەكانی لە سوریا بكێشێتەوە دەڵێن دەبێت بیانهیڵییەوە ، دەیەوێت دەلاقەیەك بۆ ئاشتی لەگەڵ ئێران و كۆریای باكوور بدۆزێتەوە ، بەڵام ئەوان دەست دەكەن بە دوژمنایەتی كردنیان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی