بارزانی داوای رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك دەكات

عیراق

13/07/2019‌ 527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات لەسەر دۆخی كەركوك پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێدا داوای رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو شارە دەكات.

مەسعود بارزانی لەپەیامەكەیدا دەڵێت: كێشەی كەركوك تەنیا گرفتی سیاسی نێوان دوو حیزب، یان ململانێی سیاسی نێوان چەند لایەن نییە، لە ڕاستیدا كێشەی كەركوك بابەتێكی مێژوویی و سیاسی و كۆنە لە هەمانكاتیشدا فرەڕەهەند و گەوەریە.

مەسعود بارزانی دەشڵێت: بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی بەسەر كەركوكدا هاتووە و لەبەر پێویستی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداری شارەكە و خزمەتكردنی خەڵكی كەركوك، هەروەها چارەسەركردنی كۆی كێشەكان، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلاییبكرێتەوە و چارەسەر بكرێت، هەر ئەنجامێكیش هەبێت دەبێت جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بێت".

سەرۆكی پارتی باسی لەوەش كردووە، ئێستا كەشێكی ئیجابی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و ئەوەیش دەرفەتێكی زۆر باشە، كە بە سوودوەرگرتن لەو كەشە ئیجابییە گرفتە ئەمنی و ئیدارییەكانی كەركوكیش چارەسەر ببێت و لە چوارچێوەی دەستووردا كەركوك بگەڕێتەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی. چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە كەركوك هەیە ناكرێ بەردەوام بێت.

ئەوەش دەڵێت: ئێمە ئێستا و پێشتریش ڕامان وا بووە، كە هیچ مساوەمەیەك لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركوك ناكەین و دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژیین.

ئەمە لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك رێككەوتن، بەڵام ئەوە كاردانەوەی دروست كردووەو پێكهاتەكان ئەو رێككەوتنە رەتدەكەنەوە.

هـ ـ ح