یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك گفتوگۆ لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان دەكەن

عیراق

13/07/2019‌ 819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی ئاگادار باسی لەوە كردووە، لیژنەی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك دەست بە دانوستاندنەكانیان دەكەن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: لیژنەكە لەسەر بنەمای دابەشكردنی پۆستەكان، كە لە ساڵی ٢٠١١ كاری پێكراوە ، دانوستان لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك دەكەن .

بە قسەی ئەو سەرچاوەیە لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی دەیانەوێت پۆستەكان بەم شێوەیە دابەش بكرێن: پارێزگار ، بەڕێوەبەری پۆلیس ، قایمقایمی ناوەندی كەركوك بۆ كورد ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ توركمان ، پۆستی جێگری پارێزگار بۆ عەرەب .

سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتیش ، سەرچاوەكە دەڵێت: ڕێكەوتن كراوە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیس و قایمقایمی ناوەندی كەركوك بۆ پارتی بێت و سەرۆكی حكومەتی خۆجێیی كەركوكیش بۆ یەكێتی.

پێشتر یەكێتی و پارتی رایانگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێكەوتنێك بۆ پاڵاوتنی "تەیب جەبار" بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك و درووستكردنی لیژنەیەك بۆ دانوستان لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك و حكوومەتی ناوەندی لە بەغدا لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی