رێكاری ئەمنی توند بۆ پاسەوانی نەوتهەڵگرەكان لەكەنداو دەگێرێتە بەر

عیراق

13/07/2019‌ 482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوە كردووە ئاوەكانی كەنداو چالاكی نائاسایی بەخۆیەوە دەبینێت، كە خۆی لە رێكاری ئەمنی توندوتوڵدا دەبینێتەوە و ئامانج لێی پاراستنی تێپەڕینی كەشتیە بازرگانییەكانە، بەهۆی ئالۆزتر بوونی پەیوەندی نێوان تاران و واشنتۆن.

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە هەندێ لە كۆمپانیاكانی گواستنەوەی دەریایی ناچاركراون پلانەكانیان بگۆڕن بەهۆی ئەو رێكارانەی بەریتانیا گرتویەتیە بەر بەوەی هەوڵی راگیرانی كەشتیەكی نەوت هەڵگری دراوە لە گەروی هورمز لە چوارشەممەی رابردوو.

رێكخراوی كپلیری پسپۆر لە بەدواداچونەكانی رێرەوی كەشتیە بازرگانیەكان دووپاتیكردۆتەوە، كەشتیەكی ژاپۆنی رۆژی پێنج شەممە پرۆسەیەكی گواستنەوەی نەوتی خاوی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی لە بەندەری راس تەنورەی سعودی هەڵوەشاندۆتەوە.

پێشبینی ئەوە دەكرێت لە ساتەوەختی بڵاوكردنەوەكەی راپۆرتەكەدا كەشتیەكە كەنداو بە جێبهێڵێ لە رێگەی گەروی هورمزەوە لە ژێر پاسەوانێتیەكی توندی سەربازیدا، ماڵپەری تایبەت بە بەدواداچونی كەشتیەكان لە رۆژی شەممەدا دەری دەخات كەشتیەكە ئێستا لە كەنداوی عومانە نزیك دەرچەی گەروەكە.

سەرەرای ئەوەش دەریاوانی بەریتانی بە گوێرەی كپلێر، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەشتیەكی نەوت هەڵگری سعودی لە كاتی پەڕینەوەیدا لە گەروی هورمز بە پەرژینێكی سەربازیدا تێپەڕ دەبێت.

هەر لەم بارەیەوە بەرپرسێكی بەریتانی لە بواری دەریاوانیدا كە داوای سەرپەرشتیكردنی جولەی كەشتیە بازرگانیەكانی پێ سپێدراوە لە كەنداو ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، پرۆسەی پاراستن كە دەریاوانی بەریتانیا لە كەنداو ئەنجامی دەدات تاكو ئێستا چالاك نەكراوە، سەرەرای ئەوەی لەندەن ئاستی وریایی و ئاگایی ئەمنی بۆ كەشتیە بازرگانیەكان تا ڕادەیەكی زۆر بەرز كردۆتەوە. هەروەها بەریتانیا ئەوەی روون نەكردۆتەوە كە دەیەوێ پاراستنی كەشتیەكانی كەنداو ئەوانەی تریش دەگرێتەوە یان نا.

پێش ئەوە، شەش كۆمپانیای گواستنەوەی گەورە لە یۆنان و بەریتانیا و نەرویج و ئەلمانیا و دانیمارك و چین رایانگەیاندبو پێشوازی لە پاسەوانێتی زیاتر دەكەن لە ناوچەكەدا، لەگەڵ ئەوەی ئەم پرۆسەیە تێچووی زیاتری دەوێ.

لەلایەكی ترەوە، تاران تۆمەتی بەریتانیای رەتكردەوە بەوەی هەوڵی دەستبەسەراگرتنی كەشتیەكی دابێت لە گەروی هورمز، دوای چەند رۆژێك لە دەستبەسەراگرتنی كەشتیەكی ئێران لەلایەن دەسەلاتدارانی جەبەل تاریقەوە بە هاوكاری بەریتانیا كە دەوترا كەشتیەكە روەو سوریا دەروات و ئەمەش پێشیلكردنی سزاكانی ئەوروپایە دژی حكومەتی دیمەشق.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا