مالیکى بەبێ هیچ رکابەرێک بەسەرۆکى حزبى دەعوە هەڵبژێردرایەوە

عیراق

13/07/2019‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق کۆنگرەی گشتی خۆی ئەنجامداو نوری مالیکی بە ئەمینداری گشتی هەڵبژاردەوە.

رۆژى هەینى رابردوو کۆنگرەى حزبى دەعوەی ئیسلامی لە شاری کەربەلا بە بەشداری نزیکەی 350 سەرکردە و کادیرى ئەو حزبە دەستیپێکردو ئەمڕۆش لەدووەم رۆژى کۆنگرەکەیدا بە ئەمیندارى گشتى ئەو حزبە هەڵبژێردرایەوە.

 

هەرچەندە حزبى دەعوە ئەمجارەش بێ روودانى هیچ جیابوونەوەیەک لە ریزەکانیدا کۆنگرەکەى کۆتایی هات، بەڵام تائێستا نیگەرانیەکانى ناوخۆى ئەو حزبە کۆتایی نەهاتووە کە لە چۆنیەتى و جۆرى بەرێوەبردنى نورى مالیکى نیگەرانن.

 

مالیکى کە سەرەتاى  ساڵى ٢٠٠٦ وە سەرۆکایەتى حزبى دەعوەى ئیسلامى گرتووەتە دەست چەندین جیابوونەوەو نیگەرانى لەناو خۆى دروست بووەو بە تاکڕەو خۆ سەپێن لەلایەن بەرپرسە جیابووەکان وەسفى دەکەن.

 

نوری کامیل مالیکی لە ١٩٥٠ لەدایک بووەو ساڵانێک بەهۆى کارى سیاسییەوە لە عێراق دوورکەوتووەتەوەو ماوەى چەند ساڵێکیش لە هەرێمى کوردستان ژیاوە.


لەدواى رووخانى رژێمى بەعس گەڕاوەتەوە عێراق و چەندی پلەو پۆستى جیاوازى وەرگرتووە کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

ئەندامی ئەنجوومەنی  حکوم بووە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کاتی عێراق بوو
ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بوو
2006 تا 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو
2014 تاوەکو 2015 جێگری سەرۆککۆمار بوو
س.هـ