بەرهەم ساڵح بۆ بونیاتنانەوەى ناوچەکانى عێراق داوای هاوکارى لە یەکێتى ئەوروپا دەکات

عیراق

13/07/2019‌ 278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەركۆماری عێراق، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ فێدێریكا مۆگێرینی نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەوە و كاروباری ئاسایش، جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دورخستنەوەی ناوچەكە لە جەنگ و پەرەپێدانی هاوكاریەكانی نێوان بەغدا ویەكێتی ئەوروپا كردەوە. 

بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لە دیدارەكەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە پێویستی كاری هاوبەش بۆ بە دوورگرتنی گەلانی ناوچەكە لە نەهامەتی جەنگ كردووەتەوە، هاوكات ئاماژەی كردووە بەگرنگی هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ یەكێتی ئەورووپادا لە بارەی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە. 


لە میانی دیدارەكەدا سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەگرنگی سوود وەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی ئەورووپییەكان كرد لە بنیادنانەوەی شارە رزگاركراوەكان و پاڵپشتیكردنی عێراق لە یارمەتیدان و دابینكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر بۆ ئاوارەكان، هەروەها بەشداریكردنی یەكێتی ئەورووپای لە پرۆژەی بنیادنانەوە و خزمەتگوزاری مرۆیی لە عێراقدا. 


لای خۆیەوە فێدێریكا مۆگێرینی بەبایەخەوە باسی ئەو پێشكەوتنانەی كرد كە لە عێراق بەدیهاتووە، هاوكات پاڵپشتی یەكێتی ئەورووپای بۆ سەقامگیری عێراق و سیاسەتی هاوسەنگی لە بارەی كێشە نێودەوڵەتییەكانەوە دەربڕی، هەروەها پەبەندبوونی بە كاركردن لەگەڵ عێراق دووپاتكردەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، كە لە كۆنگرەی بنیاتنانەوە عێراق كە ساڵی رابردوو لە كوێت ئەنجامدرا لە پێناو دەستەبەركردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی عێراق.

س.هـ