بەهۆی پشتیوانی ئیسرائیل هەوڵی لێسەندنەوەی رەگەزنامە لەشاجوانی عێراق دەدرێت

عیراق

14/07/2019‌ 701 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سارە عیدان شاجوانی پێشووی عێراق باس لەوە دەكات، كە بەهۆی پشتیوانیكردنی ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان، وڵاتەكەی كار لەسەر لێسەندنەوەی رەگەزنامە عێراقییەكەی دەكات ، بۆیە داوا لەنەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات لەپێناو راگرتنی ئەو بڕیارە دەستتێوەردان بكەن .

شاجوانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٧ لە تویتێكدا وتی: لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، پشتیوانی ئەو هەوڵانە دەكات، كە داوای سەندنەوەی رەگەزنامە و قەدەغەكردنی هاتنە ناو عێراقی لێدەكەن.

سارە عیدان، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكیشە دەڵێت: شانبەشانی ئەمەریكییەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بە ستەمكاری و هێنانی دیموكراتییەت بۆ عێراق جەنگاوم ، ئازادی رادەربڕین بناغەی دیموكراتییەتە و دەبێت پارێزگاری لێبكرێت.

داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، كە لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە بكەن و سنوورێك بۆ ئەو پیشێلكارییە دابنێن و مافەكانی وەك هاووڵاتییەكی عێراقی و ئەمەریكی بپارێزن.

لە تویتێكی تردا سارە دەڵێت: دەبێت لەپێناو پاراستنی رەگەزنامەكەمدا خەبات بكەم ، لەبەر ئەوەی ئەو جەنگە تەنیا لەپێناو مافەكانی خۆم نییە ، بەڵكو لەدژی دوژمانیەتیكردنی سامییەتیشە، بۆیە ئومێد دەكەم هەریەك لە ئیسرائیل و وڵاتە یەكگرتووەكان رووبەرووی ئەو بریارە ببنەوە.

هەروەها داواشی لە "یو ئێن وۆچ"ی ئەمەریكی ، كولی سیك سەرۆكی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ كرد، كە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگری لە لێسەندنەوەی رەگەزنامە عێراقییەكەی بەشێوەیەكی نایاسایی .

سارە عیدان بەهۆی پشتیوانیكردنی ئیسرائیل و داواكاری بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە و بەتیرۆریست ناساندنی بزووتنەوەی حەمماسی فەلەستینی ، مشتومرێكی زۆری لە عێراق نایەوە و تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیشی لێكرا .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی