گەنجێكی بەریتانی لەجێگایەكی ترسناك داوای هاوسەرگیری لەخۆشەویستەكەی دەكات

هەمەڕەنگ

14/07/2019‌ 405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ماوەیەكە كۆمەڵێك گەنج فێربوون ڕێگا و شێوازی سەیر و نامۆ هەڵدەبژێرن بۆ داواكاری هاوسەرگیری ئەو كەسەی دەیانەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بكەن ، ئەوەش لەپێناو بەنەمری هێشتنەوەی ئەو ساتە گرنگەی ژیانیان بە دەنگ و رەنگ .

لەپێناو تۆماركردنی ساتێك، كە هەرگیز لەیاد نەچێتەوە ، پێگەی "تایمز ناو نیوز" باسی لەوە كردووە، گەنجێكی بەریتانی بۆ داواكاری هاوسەرگیرییەكەی بیرۆكەیەكی  بێپێشینەی بۆ هاتووە ، كە وایكردووە ببێتە جێی قسەو باسی رۆژنامە جیهانی و پێگە كۆمەڵایەتییەكان .

بەگوێرەی پێگەكە ، كریستیان ریچاردز لەناوچەیەكی نەرویج، كە پێیدەوترێت "كجیراكبۆڵتن" لەبەرزی ٩١٥ مەتر و لەسەر بەردێك، كە لەنێوان دوو هەڵدێری بەردین جێگیر بووە داوای هاوسەرگیری لە بیكس مۆرلی كردووە.
 
ڕیچاردز، كە تەمەنی (٣٣ ساڵە) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە سەن "ی بەریتانی باسی لەوە كردووە، كە زۆربەی گەنجان لەكاتی داواكاری هاوسەرگیری لەوەڵامی "نا" دەترسن ، بەڵام من زیاتر لە شتێكی تر دەترسام.

ڕیچاردز دەشڵێـت: دەترسام ئەڵقەكە بكەوێتە خوارەوە ، لەبەر ئەوە نەماندەتوانی بیگیڕینەوە، بۆ خۆشبەختیم بەخێرایی وەڵامی ئەرینیم وەرگرتەوەو بەزوویی بۆ ناوچەیەكی سەلامەت گەراینەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی