دوای گەیشتنی "ئێس٤٠٠"
وردەكاری ئەو سزایانەی لەئەمریكاوە بەسەر توركیا دەسەپێنرێت

جیهان

14/07/2019‌ 5090 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی "بلوومبێرگ"ی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەو سزایانە كردووە ئەگەری هەیە دوای گەیشتنی سیستەمی بەرگری "ئێس-٤٠٠"ی روسی بۆ توركیا ، واشنتۆن بەسەر ئەو وڵاتەیدا بسەپێنێت .

بەگوێرەی ئاژانسەكە، واشنتۆن تەنیا بەوە واز ناهێنێت، كە توركیا لە بەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی "ئیف-٣٥" دووربخاتەوە ، بەڵكو ئەگەری هەیە بەگوێرەی یاسایەكی ئەمەریكی، كە ناسراوە بە "كاتسا" ١٢ جۆر سزای بەسەر توركیادا بسەپێنێت .

بلوومبێرگ ئاشكرایكردووە، كە سزاكانی ئەمەریكا خۆی لە قەدەغەكردنی مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و سەپاندنی كۆتوبەند لەسەر وەبەرهێنانی سەنەداتی ئەمەریكی ، كۆتوبەندكردنی گەیشتنی كۆمپانیا توركییەكان بەكەرتی دارایی ئەمەریكی ، جگە لەوەی دۆناڵد ترامپ دەتوانێت داوا لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكانی وەك سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بكات، كە قەرز نەدەنە دامەزراوە توركییەكان ، هەروەك رێگری لەبانكە ئەمەریكییەكان بكات بەوەی قەرز نەدەنە بانكە توركییەكان، كە نرخەكەی لە ١٠ ملیۆن دۆلار زیاتر بێت .

ئاژانسەكە باس لەوەش دەكات، كە رەنگە ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیای توركی، كە لەبواری پیشەسازی سەربازی كار دەكەن بەئامانج بگیرێن ، ئەوەش مانای وایە ئەستەم دەبێت ئەو كۆمپانیایانە بتوانن ئەو پێكهاتە ئەمەریكییانە بكڕن، كە توركیا بەرهەمیان دەهێنێت.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی ئەو لایەنەیە ئەوە دیاری دەكات، كە توركیا بە كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی ، یاسای ئەمەریكی پێشێل كردووە یان نا ، هەروەك وەزارەتی داراییش ئەو سزایانە دیاریدەكات، كە لەلایەن ترامپەوە رەزامەندیان لەسەر دەدرێت .

لەلایەكی ترەوە ئاژانسەكە باسی لەوە كردووە، كە رەنگە حكومەتی توركیا ئومێدی هەبێت بەوەی واشنتۆن بەهۆی پەیوەندی كەسی نێوان ترامپ و ئەردۆغان ئەو سزایانەی بەسەردا نەسەپێنێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ترامپ دەسەڵاتی دواخستنی سزاكانی هەیە ، بەڵام یەك سەختی لە پرۆسەی دواخستنی سزاكاندا هەیە ، ئەویش یاسای تایبەت بە كڕینی چەكی رووسی زۆر ڕوونە ، هەركاتێك ترامپ بڕیاریدا سزاكانی سەر توركیا دوابخات ،ئەوە ئەنجوومەنی پیران بەبڕیارێكی تر دەسەڵاتی رەتكردنەوەی ئەو بڕیارەی هەیە .

سەبارەت بە كاریگەربوونی لیرەی توركی بەو سزایانە ، جولیان ریمەر شیكەرەوە لە بانكی "ئەنفستاك" لە لەندەن دەڵێت " لەگەڵ گەیشتنی بەشەكانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئیس-٤٠٠"بۆ توركیا ، راستەوخۆ بەهای لیرە دابەزی ، لەبەر ئەوەی هەموو لایەك دەزانن سزاكانی ئەمەریكا ناتوانرێت خۆیان لێبپارێزرێت ، لەراستیدا پرسیارەكە ئەوەیە سزكان تاكوێ دەبن و كەی دەسەپێنرێن ، ئەوكات بەتەواوەتی كاریگەرییەكەی لەسەر ئابووری توركیا دەزانرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی