پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا رێكارە دیبلۆماسییەكان دەگرێتەبەر

عیراق

14/07/2019‌ 790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەسەر كاراكردنی ڕێكارە دیبلۆماسییەكان دەكاتەوە بۆ دەركردنی ئەو هێزە سەربازییە توركییەی لەبنكەی بەعشیقەی سەر بە پاریزگای موسڵ جێگیرن.

لیژنەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، كە ئەو هێزە بێ رەزامەندی بەغدا و لە بارودۆخێكی ئەمنی قورسدا هاتوونەتە ناو عێراق، كە ئەوكات سوپای توانای رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەو هێزەی نەبووە .

عەلی جەبار ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكیدا دەڵێت: حكومەتی فیدراڵی و دامەزراوەی سەربازی هیچ رێكەوتنێكی لەگەڵ لایەنی توركی نەكردووە بۆ هاتنە ناوی ئەو هێزە سەربازییە توركییە بۆ ناو خاكی عێراق.

هەروەها دەڵێت: ئەو هێزە لەكاتێكدا هاتوونەتە ناو خاكی عێراق، كە بەغدا سەرقاڵی شەڕی تیرۆریستانی داعش بووە، بەجۆرێك لەتوانای حكومەتی بەغدادا نەبوو لەیەككاتدا زیاد لە بەرەیەكی جەنگ بكاتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری باسی لەوەش كردووە، حكومەت لەڕێگای سەردانەكانی بۆ توركیا هەوڵیداوە كار لەسەر ئەوە بكات ئەو هێزە توركییەی لەبەعشیقە جێگیربوون لەخاكی عێراق برۆنە دەرەوە.

هاوكات روونیشیكردووەتەوە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەیەوێت بەڕێگای دیبلۆماسی و بەناچاركردنی حكومەت و وەزارەتی دەرەوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنی توركی و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی گوشار وەك ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندی نێوان هەردوولا بەكاربهێنێت بۆ كردنە دەرەوەی ئەو هێزانە ، لەبەر ئەوەی بوونیان لە ناوچەكە پێشێلكردنی سەرەوەری خاكی عێراقە .

لیژنەكە پێشیوایە بڕیارەكانی دواین لوتكەی عەرەبی بۆ داواكاریان لە توركیا تا هێزەكانی لە خاكی عێراق بەرێتە دەرەوە تەنیا "مەرەكەبی سەر كاغەزە"و هیچ كاریگەرییەكی نییە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی