پارتی: ھەرێم مەرجی بۆ دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز ھەیە

عیراق

14/07/2019‌ 1140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكاری بۆ دەركردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە عێراق دەكرێت‌و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیش لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، ھەرێمی كوردستان چەند مەرجێكی لەبارەی دەركردنی پڕۆژەیاساكەوە ھەیە و رایگەیاند، پێویستە لەبەرژەوەندی ھەموو گەلانی عێراقدا بێت و مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش لەنێو یاساكەدا جێگیر بكرێن.

 ئارام باڵەتەیی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند، تا ئێستا سێ رەشنووس بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئامادە كراون، بەڵام ھیچكام لەو سێ رەشنووسە پەسەند نەكراون، "ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان كێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە كەرتی نەوت و غازی عێراق بەیاسایەكی یەكگرتوو رێك بخرێت، بەڵام ھەر پڕۆژەیاسایەكی نوێ بۆ كەرتی نەوت و غاز ئامادە بكرێت، پێویستە بەرژەوەندی ھەموو پێكھاتەكانی عێراقی تێدا لە بەرچاو بگیرێت، لەوانەش بەرژەوەندی ھەرێمی كوردستان".

وتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی باسی لەوەش كرد، كە ناكرێت یاسایەك بۆ كەرتی نەوت و غازی عێراق دەربكرێت پێچەوانەی بڕگە و ماددەكانی نێو دەستووری عێراق بێت، بەڵكو پێویستە ھەموو ئەو مافانەی لە دەستووردا لەبارەی كەرتی نەوت و غاز بە ھەرێمی كوردستان دراون، لەنێو یاسای نوێدا جێگیر بكرێن.

ئارام باڵەتەیی روونیشیكردەوە، مەرجی ھەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی ھەر پڕۆژەیاسایەكی كەرتی نەوت و غاز، دەرنەچوونە لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراقدا، ھەروەھا ئەوە لەبەر چاو بگیرێت عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە نەك وەكوو پێشتر دەوڵەتێكی مەركەزیی تاكلایەنە بێت، لەبەر ئەوەی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق ئێستاش لەو باوەڕەدان عێراق وڵاتێكی مەركەزییە، ئەوەش لای ئێمە قبووڵ نییە".

لەبارەی كاتی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز، باڵەتەیی رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق دەكەوێتە پشووی ھاوینە و لە مانگی ئەیلوولدا دەستبەكار دەبێتەوە، ئەگەر ئامادەكاریشی بۆ بكرێت و ھەنگاو بنێین، بەڵام پێشبینی دەكەین پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكە بكەوێتە ساڵی ئاییندەوە.

هـ ـ ح