پرۆسە سەربازییەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم بەرەزامەندی حكومەتی عێراقە

عیراق

15/07/2019‌ 676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەردوو حكومەتی بەغدا و ئەنقەرە ڕێككەوتوون لەسەر دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی "چڕنووك"ی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دژ بە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان .

عەلی غانمی ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "مەعلوومە" رایگەیاندووە، پرۆسەی سەربازی چرنووك، كە لەناو خاكی عێراقدا بەرێوەدەچێت بەرەزامەندی  و رێككەوتنی پێشوەختەی هەردوو حكومەتی بەغدا و ئەنقەرەیە.

ئەو راشیگەیاند، كە ڕێگە بە هێزەكانی توركیا دراوە تا ڕووبەرێكی دیاریكراو بێنە ناو خاكی عێراق بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا غانمی رایگەیاندووە، حكومەتی بەغدا بە لایەنی توركی گوتووە، كە رێگە بە سوپای توركیا نادرێت لە سنوورێكی دیاریكراو زیاتر بیتە ناو خاكی عێراق وەك چۆن ئەوەی لە بەعشیقە كردی ، لەبەر ئەوەی ئەوە زیان بە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت و دژی سەروەری خاكی عێراقیشە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەئێستادا هەردوولا گفتوگۆ دەكەن لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ رێكخستنی بوونی سەربازی سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق و چۆنییەتی چوەنەدەریان ، لەبەر ئەوەی بوونیان بێ رەزامەندی عێراق بووە و نایاساییە . 

رۆژی یەكشەممە، وەزارەتی بەرگری توركیا دەستپێكردنی پرۆسەی "چڕنووك ٢"ی راگەیاند، كە ئامانج لێی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی پارتی كریكارانی كوردستانە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی