كۆمەڵەی هەشت پێ‌.. قەتەر نەوەی دووەمی سەركردەی ئیخوانەكان ئامادەدەكات

جیهان

15/07/2019‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتداران قەتەر چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی ئیخوان موسلمینەوە گرێداوە، ئەو كۆمەڵەیەی بە هەشت پێ ناسراون.

ئیخوان كارتێكی دوورمەودایە بەدەست دەوحەوە، ئەمەش ڕوونیدەكاتەوە بۆچی قەتەر بایەخی زۆری بە كۆڕبەندی گەنجانی ئیسلامی داوە كە لە دەوحەی پایتەخت گرێدرا.

ناوەندە ئاگادارەكانی چالاكییەكانی ئەو كۆڕبەندە ئاشكرایانكرد، سەرباری ئەوەی كۆڕبەندەكە كۆبوونەوەیەكی ئیسلامی خولاوخولە، بەڵام قەتەر بە هەماهەنگی گروپەكانی ئیخوان موسلمین بە ووردی ئەو كەسانەیان دیاریكردووە كە بەشداری كۆڕبەندەكە بوون، ڕاهێنان و ۆركشۆپەكانی كۆڕبەندەكەش كە رۆژی 3 شەممەی ڕابردوو دەستی پێكردووە و 4 شەممەش كۆتاییهات، زیاتر لە خێوەتگەی بانگخوازی و ئامادەكاری ئیخوان موسلمینەكان دەچوون.

كۆڕبەندەكە، كە لە ژێر ناونیشانی "نەتەوە بە گەنجەكانیەوەیەتی" بەسترا و دروشمەكەش لە ئەدەبیاتی ئیخوانەوە وەرگیراوە، سەرتۆپی كارەكانی گرنگیدان بوو بە پرسی سەركردایەتی و زاڵبوون بەسەر پێگە و جومگەكانی دەسەڵات، بەو پێیەی ئەركێكی ئاینی‌ و پێداویستییەكی سیاسییشە، نەوەك تەنها بایەخدان بە ڕۆشنبیركردنی سیاسی و میدیایی كە دروشمەكانی كۆنگرەكان بەرزی دەكەنەوە.

كۆنگرەكە بەپەرۆش بوو بۆ ئەوەی گەنجە بەشداربووەكان فێری شیوازەكانی داڕشتنی بڕیارەكان و دەستكەوتنی ڕزامەندییەكان بكات، هەروەها چۆنییەتی گەیشتن بە سەپاندنی دیدگا و بۆچوونی و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەوانی دیكە بۆ بیرۆكە نمایشكراوەكان، ئەمەش شێوازێكی كۆنی گروپەكانی ئیخوانە كە ئەندامەكانی لەسەر ڕاهێنراون، بەوەی خاوەن ووتاری سەرنجڕاكێشبن و لە ڕێگەی گرنگیدان بە ئاینداری و نەرمونیانی و لێبڕاوانەوە، هەڵوێست و بیرۆكەكانی خۆیان بسەپێنن.

كۆڕبەندەكە ڕۆژی 3 شەممەی ڕابردوو لە قەتەر بەسترا و بە دریژای ساڵێكیش بەردەوام دەبێت، تەمەنی بەشداربووان لە هەردوو ڕەگەزەكە لە نێوان گەنجانی 18 بۆ 30 ساڵی دایە و لە گەنجانی دەوڵەتانی ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامین، یاخود نوێنەرایەتی یەكێك لەو كۆمەلگا ئیسلامییانە دەكەن كە ئەندامی ئەو ڕێكخراوە نین.
 
سوشیاڵ میدیا لە لایەن كۆڕبەند‌ەكە بایەخێكی زۆری پێدرا، بەو پێیەی ئەو گۆڕەپانە هۆكاری سەرەكی ئێستای بەردەستی قەتەرە كە هەوڵ دەدات تۆمەت و وێنەی پشتیوانیكردنی تیرۆر لەسەر خۆی لابەرێت كە لە جیهانی ئیسلامیدا بەربڵاوە. ئەمە جگە لەوەی ئەو گۆڕەپانە بۆ ئەو گروپانەی ئیخوان، گۆرەپانی ڕاكێشانی خەڵكە بۆ ناو ڕێكخراوەكەیان، هەروەها شوێنێكە بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی شێواندنی ئەو كەس و دامەزراوه نەیارانەی لەگەڵ ڕێكخراوەكەیان بوون و دواتریش لێیان جیابوونەوە و وازیان لێهێناون.

كۆڕبەندەكە چەند سەردانێكی مەیدانیشی بۆ بەشداربووان بۆ دامەزراوەكانی قەتەر ڕێكخست بۆ ڕانواندنی ئەوەی گەنجانی قەتەر بۆیان فەراهەمكراوە، ئەمەش فریوودانێكی باوەڕپێهێنەرە بۆ ئەو گەنجە بەشداربووانەی لە ووڵاتە كەمدەرامەتەكانەوە هاتوون، تا ووڵاتەكانیان جێبێڵن و ڕووبكەنە قەتەر.

قەتەر و كۆمەڵی ئیخوان موسلمین كە زۆرینەی سەركردەكانیان لە نێوان دەوحە و ئەنقەرە بڵاوەیانپێكراوە، كار لەسەر ئەوە دەكەن دزە بكەنە ناو ئەو كۆنگرە و چالاكییە ئیسلامییانەوە و وەبەرهێنانی تێدا بكەن و لە بەرژەوەندی خۆیان بیقۆزنەوە، بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر چین و تویژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا، بە تایبەتیش لەو كۆنگرانەی بەرچاونین وەك ئەوانەی پەیوەستن بە ژنان و گەنجان ، یاخو ئەوانەی پرسە ئاینییەكان لە كۆمەڵگا ئیسلامییەكان تاوتوێ دەكەن.

سەرچاوە: عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر