سەرەڕای هەڕەشەكان توركیا سوورە لەسەر دەرهێنانی نەوت‌و گاز لەئاوەكانی قوبرس

جیهان

15/07/2019‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولوود چاویش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە دەرهێنانی نەوت و گاز لەئاوەكانی دەریای ناوەراست بەتایبەت لە كەنارەكانی قوبرس ، ئەوەش سەرەرای نارەزایەتییەكانی ئەوروپا تارادەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا .

ئۆغڵو داوای لەو كۆماری قوبرسی یۆنانی كرد، كە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە بەوەی رەزامەند بێت بە پلانی هەماهەنگی بواری دەرهێنانی نەوت و گاز، كە كۆماری قوبرسی توركی رایگەیاندووە .

دوای ئەوەی لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا توركیا بڕیاریدا دوو كەشتی دەرهێنانی نەوت و گاز بنێرێتە كەنارەكانی قوبرسی ئەندام لەیەكێتی ئەوروپا بەهۆی دۆزینەوەی بڕێكی گەورەی وزە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەراست، ئەوەش تووڕەیی و بیزاری وڵاتانیئەوروپای لێكەوتەوە.

وابڕیارە ئەمرۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەروپا لە برۆكسل كۆببنەوە لەپێناو گفتوگۆكردن لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیا بەهۆی بەردەوامی پرۆسەی دەرهێنانی نایاسایی نەوت و گاز لە ناوچەی ئابووری تایبەت بە قوبرس.

هەفتەی رابردوو راپۆرتە میدیاییەكان باسیان لەوە دەكرد كە ڕەشنووسی بەیاننامەیەكی ئەوروپی هەیە كە كۆمەڵێك سزای لەخۆگرتووە وەك " هەڵپەساردنی گفتوگۆكردن لەگەڵ توركیا لەئاستی بەرز سەبارەت بە ڕێكەوتننامەی گواستنەوەی ئاسمانی ، سڕكردنی پارەداركردنی پرۆژەكانی ئەوروپا لە توركیا ".

چاویش ئۆغڵو جەختیكردەوە، ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پرۆسەكانی دەرهێنانی نەوت و گاز لەو ناوچانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی حكوومەتی قوبرسی توركییەوە مۆڵەتی دراوەتێ.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی