پەرتبوونی ئاكەپە
ئەردۆغان هێرش دەكاتە سەر هاوڕێ دێرینەكانی

جیهان

15/07/2019‌ 3855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاپرێس:
دوا جوڵەكانی دیارترین كەسایەتییە توركەكان، دژ بە ئەردۆغان لە دەرئەنجامی پاشەكشەی پارتی داد و گەشەپێدان  لە ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە، ئەردۆغانی قەڵسكردووە، بۆیە هێرشی كردە سەر سێ هاوڕێ دێرینەكەی (عەلی باباجان، داود ئۆغڵۆ، عەبدوڵا گوڵ).

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ئەردۆغان لە میانەی قسەكانی لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنووسێك لەسەر پشتی فڕۆكەی سەرۆكایەتی لەو كاتە لە بۆسنە و هەرسك گەڕایەوە، ریگەیاندووە، بە هۆی دەستلەكاركێشانەوەكانی ئەم دواییەی هاوڕێكانی دڵی شكاوە.

سەرۆك كۆماری توركیا، كە هاوكات سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدانی توركیاشە راشیگەیاند، ناكرێت هاوڕێیانی تەمەن وا بە ئاسانی دەستبەرداری پرسە سەرەكییەكەبن. 

سەبارت بە جوڵەكانی ئەم دوایەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ، ئەردۆغان رایگەیاندووە، زۆرن ئەوانەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی پارتی داد و گەشەپێدان كردووە و جموجوڵی سیاسی تازەیان دەستپێكردووە، بەڵام چارەنووسیان شكستخواردن بوو. 

ئەردۆغان هەروەها باسی باباجان‌و هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی كردووەو ئاشكرایكردووە، ئەوەی پێگەیاندووە، كە لەم كاتەدا هەستی بۆ ئەندامیەتی پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو لاوازی دەچێت و پاساوی ئەوشی هێناوەتەوە، كە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتە.

دەستلەكاركێشانەوەی باباجان باس و خواسی پەرتبوونێكی گەورەی لە ڕێزەكانی ئەكەپە هێناوەتە كایەوە و چاوەڕێش دەكرێت ئاستی جەماوەری ئەو پارتە و ئەردۆغانیش لە شەقامدا دابەزێت.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش كردووە، كاتێك باباجان پێیوتم، كە دەستیلەكاركێشاوەتەوە، پێموت بابەیەكەوە كار بكەیان و سوود لەپرۆگرامە ئابووریەكەت ببینین، ئەو ڕەتیكردەووە، پێشموت ڕاوێژكارم بێت بۆ كاروباری ئابووری، دووبارە هەر ڕەتیكردووە.

ئەردۆغان ئەوەشی راگەیاندووە، لە باباجانی پرسیووە ئاخۆ نیازی دامەزراندنی حیزبێكی تازەی هەیە، ئەویش وتوویەتی ئەم پرسە ئێستا لە بەرنامەدا نییە، بەڵام مشتومرێك هەیە و لەگەڵ هەندێك هاوڕێ تاوتویی دەكەین.

بەقسەی ئەردۆغلن، باباجان ڕۆڵێكی گرنگی لە ئاراستەكردنی ئابووروی توركیادا گێڕاوە‌، ناكۆكێ نێوانیشیان لەم گۆڕەپانەدا سەبارەت بە نرخی سوود بووە، كە ئەردۆغان باوەری وایە بەرزبوونەوەی نرخەكان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی  هەڵاوسان. 

ئەردۆغان ڕوو لە باباجان دەكات و دەڵێت، ئەمە بریاری خۆتە و تێیدا ئازادی، بەڵام بیرت نەچێت كە مافی ئەوەت نییە نەتەوەكەمان‌ دابەش بكەیت.

باباجان چەند ڕۆژێكە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی حیزبەكەی ئەردۆغان كردووە، ئەمەش‌ لێدانێكی دیكەی كوشندەیە بۆ ئەردۆغان. ئەو ووتی كە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانە لە ساڵی 2001 پشكدار بووە ، شانازی بەپشكداری خۆشییەوە دەكات لەو حزبەدا، چەندەها پۆستی باڵاشی گرتوونەدەست و باوەڕیشی بە بنەما و ڕێچكەی ئەو حزبە هەبووە، بەڵام لەو ساڵانەی دوایدا، كەلێنێك كەوتۆتە نێوان كاری ڕاستەقینە و بنەماكانی ئەو حزبە، ئەمەش شۆكێكی گەورە بووە بۆ ئەو.

باباجان دەڵێت جیهان بە خیرایی گۆڕانی بەسەردا دێت و توركیاش ڕووبەرووی ئاڵێنگاری گەورە دەبێتەوە و پێویستیشی بە دیدگایەكی تازەیە بۆ ئایندە، دەشبێت پرۆگرام و بەرنامەی تازەی پیشەیی و ستراتیژی بۆ دابڕێژین كە یەكانگیربن لەگەڵ ڕۆحی ئەو سەردەمەدا.

ناوبراو وتیشی: من و زۆرێك لە هاوڕێیانم هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەكەین بە ئەنجامدانی كارێكی تازە كە بە كۆششی كادیرانی تازەی خوێنگەرم دەكرێت سەركەوتوو بێت ، بۆیە ئەمەی سەرەوە وایكردووە مەحاڵ بێت لە پارتی داد و گەشەپێدان بەردەوامبم، ئەمڕۆش دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش كردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز  لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار بڵاویكردۆتەوە كە باباجان بە هاوكاری لەگەڵ عەبدوڵا گول، پارتێكی تازە دادەمەزرێنن و كێبڕكێی پارتی داد و گەشەپێدانی ئێستای فەرمانڕەوای پێ دەكەن. هەموو ئەمانەی سەرەوەش لە دەرئەنجامی دۆڕاندنی پارتی داد و گەشەپێدان بوو لە دوا هەڵبژاردنەكانی توركیا، كە بە گەورەترین شكستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و پارتەكەی دادەنرێت. 

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر