هەماهەنگی هەواڵگری توركی ئیسڕائیلی "دوو روویی" ئەردۆغان دەردەخات

جیهان

15/07/2019‌ 2670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری ئەو درووشمانەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دژ بە ئیسڕائیل بەرزیان دەكاتەوە، كەچی‌ هەماهەنگی توندی نێوان دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیلی و هاوتا توركییەی لە شكستپێهێنانی 12 هێرشی تیرۆرستی كە بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیلیان لەم سێ ساڵەی پێشوو بە ئامانج گرتبوو، پێچەوانەی ئەو دروشمانە دەسە‌لمێنن.

ڕاپۆرتێكی تەلەفزیۆنی ئیسرائیلی ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە ئەنقەرە بە هاوكاری تەلئەبینب، چەند هێرشێكی تیرۆرستی پوچەڵ كردوونەوە، ئەو زانیارییانە لە كاتێكدا بە توركیا دراوان ،كە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات پچڕابوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە ئاشكرایی هێرشی دەكردەسەر تەلئەبیب. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە بە هۆی ئەو زانیارییە هەواڵگرییە ئیسرائیلییانەوە، بەر بە دەیەها كاری تیرۆرستی داعش و ئێران گیراوە لە جیهاندا، كتومت 50 هێرشی تیرۆرستی لە 20 ووڵاتدا پووچەڵكردوونەوە كە 12 هێرشیان لە ووڵاتی توركیا بوون. هەموو ئەو هێرشانەش دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل بوون لە جیهاندا.

بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیلیش ووتی ووڵاتەكەی لە رێگەی بەكارهێنانی زیرەكی سیبرانییەوە (هێرشی ئەلەكترۆنی) ئەو هێرشە گەورانەی پوچەڵكردوونەوە كە داعش و دەیەها ڕێكخراوی دیكە لە دەیەها ووڵات بە نیازی ئەنجامدانی بوون.

ئەم راپۆرتە هەماهەنگكاری نێوان هەردوو دەزگا هەواڵگرییەكەی تەلئەبیب و ئەنقەرە دەردەخات، سەرباری ئەوەی ئەنقەرە لە هەوڵی ئەوەدا بووە لە پشت دروشم و ووتارەكانی ئەردۆغانەوە بیانشارێتەوه.

چاودێرانی كاروباری توركیا دەڵێن، ئیسڕائیل چاوپۆشی لەو لێدوانانەی ئەردۆغان دەكات كە جاروبار هێرش دەكاتە سەر ئیسڕائیل، چونكە تەلئەبیب دەزانی ئەم هێرشانەی سەرۆكی توركیا پەیوەستن بە تەنگژە ناوخۆییەكانییەكانی ئەنقەرەوە، ئەوان سوودێكی زۆریان لەو هەماهەنگارییە وەرگرتووە، بە تایبەتیش لە ڕووی ئەمنییەوە،  نەك هەر‌ دژ بە داعش و قاعیدە، بەڵكو بۆ دەستكەوتنی زانیاری هەواڵگری لەبارەی بزووتنەوەی حەماسەوە كە ئەردۆغان وای نیشان دەدات پشتیوانیانە.
ئەردۆغان وویستی پرسی فەڵەستین لە بەرژەوەندی خۆی بخاتەگەڕ، ئەمەش لە ڕێگەی سواربوونی شەپۆلەكانی بەهاری عەرەبییەوە كە ئیخوان موسلمین بەسەریدا زاڵبوون، بۆیە بە مەبەستی ڕاكیشانی سۆزی شەقام و ئەم و ئەو، پشتیوانی بۆ حەماس دەربڕی و لێدوانی توندیشی دژ بە ئیسرائیل دان.

سەرباری نمایشەكەی ئەردۆغان دژ بە ئیسڕائیل لە دافوس لە ساڵی 2013، بەو هۆیەی لە ساڵی 2010 ئیسڕائیل هێرشی كردەسەر كاروانێكی ئاشتی كە هاوكاریان بۆ غەزە دەبرد و لە ئاكامیشدا 9 هاووڵاتی توركی تێدا كوژران و دواتریش پرسە بە ڕێككەوتنێك لە نێوان هەردوولا كۆتایی هات بەوەی ئیسڕائیل 20 ملیۆن دۆلاری دایە خانەوادەی قوربانییە توركییەكان، كەچی دلێدوانەكانی ئەنقەرەی دژ بە ئیسرائیل لە دروشم تێنەپەڕین و پەیوەندییەكانیان لەگەل تەلئەبیب هاتەوە دۆخی جارانی، چونكە ئەو پەیوەندییانە دەروازەیەكن بۆ ڕازیكردنی واشنتۆن.

سەرباری لێدوانە توندەكانی، كەچی ئەردۆغان لە ساڵی 2016 دانی بەوەدانا كە بەردەوامی بارگرژی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا سەخت و دژوارە، ووتیشی ئیسڕائیل پێوویستی بە توركیا هەیە لە ناوچەكەدا، دەبێت دان بەوەشدا بنێین كە ئێمەش‌ پێویستمان بە ئیسڕائیلە لە ناوچەكەدا.

سەرباری ئەوەی لێدوانەكانی بە سارد و سڕییەوە لە لایەن تەلئەبیبەوە وەرگیران، بەڵام سیاسییە ئیسرائیلییەكان ئەوەیان بۆ‌ ئاشكرا بوو كە بە هۆی تەنگژە ئابوروییەكانی ناوخۆ و بارگرژی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە كە تەنگژەی جۆراوجۆری بۆ ئەو ووڵاتە دروست كردوون، توركیا لە جوغزە هەرێمییەی و نێودەوڵەتییەكەیدا متمانەی خۆی لەدەستداوە، ئەمە جگە لە ساردی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا.

سەرباری هەڵكشانی لێدوانە دژەكانی هەردوو ووڵات بەرامبەر بە یەكتری، كەچی ئەنقەرە و تەلئەبیب بە تەنیشت پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەكانیانەوە، پەیوەندییە ئابووریەكەشیان زۆر بەهێزە. 

پێشتریش ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحڕونۆت" ی ئیسرائیلی ئەوەی ئاشكرا كرد كە " بیلال" ی كوڕەكەی ئەردۆغان لە ئاكامی ڕووداوەكەی مەڕمەڕەوە كە توركەكانی تێدا بوونە قوربانی، چەند مامەڵەیەكی بازرگانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا گرێداون.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە ئەوەشی باسكردووە كە دوو كەشتی سەر بە كۆمپانیای "ئێم بی" كە بیلالی كوڕەكەی ئەردۆغان موڵكدارییان دەكات، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە نێوان  بەندەرەكانی توركیا و ئیسڕائیلدا كەلوپەل و كاڵاكان گواستۆتەوە.

بەرهەڵستكارانی توركیاش لەو بارەوە ووتیان كە پەیوەندییەكانی بیلال بە ئیسڕائیلەوە، دووڕوویی ئەردۆغان دەردەخەن كە لە ڕواڵەتدا هێرش دەكاته ‌سەر ئیسڕائیل، كەچی لەژێرەوە پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ دەبەستێت.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر