ئەنجومەنى وەزیران چەند بڕیارێکى بۆ کارکردنى وەزیرو فەرمانبەرانى هەرێم دەرکرد

کوردستان

15/07/2019‌ 560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەیدا ژمارەیەک بڕیارى نوێى دەرکردو چەند بڕیارێکى کابینەى پێشووى هەڵوەشاندەوە.

کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆتایی هاتوو تیایدا چەند بڕیارێکى نوێى دەرکرد کە تیایدا هاتووە، حکومەتى هەرێم شاندێک بەمەبەستى دەربڕینى نیاز پاکى سبەینێ سێ شەممە سەردانى بەغدا دەکات.

هەروەها بڕیارى ئەوەشى داوە، سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دەقی بڕیارەکانى ئەنجومەنی وەزیران:
یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی یاسا و رێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم  ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حکوومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکوومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکوومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.
س.هـ