"پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان"

کوردستان

15/07/2019‌ 2007 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەنوسێکی نزیک لە پارتى دیموکراتى کوردستان باس لەوە دەکات، ئەوەی ئەمڕۆ دەستی كەوتووە بەرهەمی رابردوو هەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و كەچی ئەوەی لە دەرەوە ڕا دەبینرێ پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.

رێبوار کەریم وەلى، رۆژنامەنوسی نزیک لە پارتى دیموکراتى کوردستان لە وتارێکدا نوسیویەتى"بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی ئەو حكومەتە كە رۆژی 10ی مانگ لەلایەن سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانییەوە راگەیەندرا، ئەگەرچی بەرنامەی هاوبەشی هەموو حزبە بەشداربووەكانە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام روانگای پارتی بەسەریدا زاڵە. روانگای پارتیش بۆ حوكمڕانی تەنها پەیوەست نییە بە حكومەتی هەرێمەوە، بگرە روانگایەكی ستراتیژییە بۆ ئیدارەدانی پارتیش لە داهاتوودا كە ئێرە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان. ئەگەر ئەم روانگایە، بەو ستاف و بەرنامەیەوە سەربگرێ، ئەوە بۆ ئاییندەی پارتیشە كە ساڵانێكە كاری بۆ دەكرێت".

ئاماژەى بەوەشکردوە، كابینەی نۆیەمی حكومەت وەكو میلادێك وێنا دەكرێت كە هیچ رەبتێكی بە رابردووی حوكمڕانیی پارتییەوە نییە. رێك وەك ئەوە وایە كە تازە پارتی حوكمی گرتبێتە دەست. وەك ئەوە وایە كە پارتی قەت لە كۆی 8 كابینە، سەرۆكایەتی 5 كابینەی نەكردبێت و 12 ساڵیش بارزانی، لە لووتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا نەبووبێت، 

ئەو رۆژنامەنوسە دەشڵێت، پارتی غەدر لە خۆی دەكات ئەگەر بیەوێ ئەو كابینەیە وەكو میلادێك وێنا بكات، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ دەستی كەوتووە بەرهەمی رابردووە، بەرهەمی هەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و بەرهەمی كرانەوەی دەرگاكانی دنیایە بەسەر كوردستاندا. كەچی ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە كە پارتی لەناوخۆیدا كودەتایەكی سپی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.
س.ھ