په‌رله‌مانتارێكی نه‌وه‌ی نوێ مه‌ترسی خۆی له‌باره‌ی بڕیارێكی حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

کوردستان

15/07/2019‌ 1575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مه‌م بورهان قانع، ئه‌ندامی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان مه‌ترسی خۆی له‌باره‌ی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت، "نابێت ئەم بڕیارە دژی بەند و پرەنسیپەكانی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بێت".

ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یدا ژماره‌یه‌ك بڕیاریداو له‌ خاڵی سێیه‌مدا هاتووه‌، "فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن".

مەم بورهان قانع، ئه‌ندامی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نوسینێكدا رایگه‌یاندووه‌، "پاراستنی نهێنیی كار، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقییە، بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە تا ئەو شوێنە راستە، كە پاراستنی نهێنییەكە، هەڕەشە نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتیی و دژی پرەنسیپەكانی شەفافییەت و دیموكراسیی نەبێت".

راشیگه‌یاندووه‌، "ئەم بڕیارە، بۆ مەبەستی شاردنەوەی راستییەكان و نهێنییە مەترسیدارەكان بێت لە رایگشتیی". 

مەم بورهان قانع وتیشی، "نابێت ئەم بڕیارە دژی بەند و پرەنسیپەكانی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاریی لە هەرێمی كوردستان- عیراق بێت، كە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013یە و هێشتا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان، بەپێویستیشی زانی، "پاراستنی نهێنیی كاروباری فەرمانبەرییەتی، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پیرۆزیی كاری فەرمانبەرێتییدا بێت، نەك دروستكردنی حكومڕانییەكی پۆلیسیی، كە دامەزراوەكانی حكومەت، بەروی مێدیا و هاونیشتمانیاندا داخراوبن و دژی سادەترین پرەنسیپی شەفافییەت بێت".
ه.م