ئه‌مریكا: جموجۆڵەکانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە نیویۆرک سنوورداردەبن

جیهان

15/07/2019‌ 508 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا رایگه‌یاند، ئەو ڤیزایەی وڵاتەکەی بە وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندەکەی داوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتننامەیەیە کە وڵاتەکەی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیەتی.

دوێنێ یەکێشەممە شاندی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گەیشتە شاری نیویۆرک، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

مایک پۆمپـیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا رایگه‌یاند، سەرەڕای ئەوەی ڤیزایان بە محه‌مه‌د جەواد زەریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران داوە بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات، بەڵام جموجۆڵەکانی لە شاری نیویۆرک کە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی لێـیە زۆر سنوورداردەبن.

وتیشی، ئەوەندە ڕێگە بە زەریف دەدەن کە بتوانێت هاتوچۆ بکات لە نێوان بارەگای شاندی ئێرانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تەنیا شەش کۆڵان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و ماڵی باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دورە.

پۆمپـیۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دیپـلۆماتانی ئەمریکایی بۆیان نیـیە لە جادەکانی تاران هاتوچۆ بکەن، بۆیە ئەوانیش هیچ هۆکارێک نابینین بۆ هاتوچۆکردنی دیپـلۆماتانی ئێرانی لە شاری نیویۆرک.
ه.م