شارپرێس:
لە کۆبوونەوەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراقدا، جەخت لە پێویستی چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم کرایەوە لە سەر بنەمای دەستوور.
لە سەر بانگھێشتی بەرھەم ساڵح، سهرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠١٩/٧/١٥ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا بەئامادەبوونی ھەریەک لە سەرۆک وەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوەی چوارەمی سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی بەرێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری وڵات کرا، ھاوکات جەخت لە پێویستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پشتیوانی جێ بەجێکردنی کارنامەکەی حکومەت و بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی لە جومگەکانی دەسەڵات و ئاوەدانکردنەوەی شارە ڕزگارکراوەکان و گەڕانەوەی ئاوەراەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان کرایەوە، ھەروەھا باس لە بەھێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق کرا.
ھەروەھا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە لە سەر بنەمای دەستوور، ھاوکات ئامادەبووان پیرۆزبای پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد، لە ھەمان کاتدا داوای بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و کاراکردنی ھاریکاری نێوان ھەردوولایان کرد لەگشت بوارەکاندا.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکیدکرایەوە لە سەر دەستوور و یاسا کار پێکراوەکان لەو چوارچێوەییەدا کە ھێزە سیاسییە جیاوازەکان کاری پێی دەکەن بەبێ رەچاوکردنی پشتگیری یان دژایەتیکردن ئەو سیاسەتانەی کە ئێستا پەیرەو دەکرێن، ھاوکات جەختیشیان کردەوە لەسەر پتەوکردنی یەکریزی نیشتمانی و سود وەرگرتنی گەلی عێراق لە سامانی نیشتمانی بەگوێرەی بەھای دادپەروەری و یەکسانی نیشتمانی و رەتکردنەوەی پشک پشکێنەی حزبی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی ناوچەکە و جیھان کرا، و ئامادەبووان ھاوڕابوون لە پاراستنی سەروەری عێراق و سەقامگیری و خوشگوزەرانی، ھەروەھا ڕۆڵی ھاوسەنگ و گرنگی عێراق لە پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا کە پێویستییەکی نیشتمانییە، ھاوکات جەختکرایەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارھێنانی عێراق وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، داواشیان کرد کە ھەمووان ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەرنەدەن لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان داوایان لە دۆستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی دەوڵەتی عێراق بکەن، لە ھەوڵی نەگۆڕی بۆ ھێنانە کایەی سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و کارکردنی بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان و بەشداری كارای لە بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیدا.
ڕ . ج