زۆرینەی ئەڵمانییەكان تەندروستی مێركڵ بە بابەتێكی كەسی دەزانن

جیهان

16/07/2019‌ 524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپرسییەك، كە رۆژی شەممە بڵاوكراوەتەوە، نزیكەی ٦٠% ئەڵمانییەكان پێیانوایە ئەو حاڵەتی لەرزینەی تووشی ئەنگێلا میركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا  دەبێت بابەتێكی كەسییە.

راپرسییەكە ، كە رۆژنامەی ئۆگسبۆرگەر ئەلغماینین بڵاویكردووەتەوە ، دەركەوتووە ٥٩% ی ئەو كەسانەی لەراپرسییەكە رایان وەرگیراوە واهەست دەكەن ئەو چەند جارەی مێركڵ تووشی ئەو بارە تەندرووستییە تایبەتە هات تایبەتە بەژیانی "كەسی" مێركڵەوە ، لەكاتێكدا ٣٤% لە بەشداربووان رایان وایە بابەتێكە جێگای بایەخی رای گشتییە .

مێركڵ رۆژی چوارشەممە تەمەنی دەبێت بە ٦٥ ساڵ ، ماوەی ١٤ ساڵیشە راوێژكاری ئەڵمانیایە .

زۆرینەی ئەو كەسانەی رایان وەرگیراوە و گوتوویانە كە ئێمە پشتیوانی پارتی دیموكراتی مەسیحی بەسەرۆكایەتی مێركڵ دەكەن ، وە زۆرینەی لایەنگرانی پارتی سۆشیان دیموكارت و پارێزەرانی بواری ژینگەش دەڵێن ئەوە بابەتێكە تەنیا پەیوەندی بە خودی مێركڵەوە هەیە .

تەنیا زۆرینەی لایەنگرانی پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیا كە پارتێكی راستڕەوی توندڕەوە  پێیان وایە تەندرووستی مێركڵ بابەتێكە جێگای بایەخی رای گشتیشە .

سەرەرای ئەوەی راوێژكاری ئەڵمانیا سێجار و لەكاتی ڕێورەسمی فەرمی و ئاشكرا تووشی لەرزینی جەستەی هاتووە ، بەڵام مێركڵ جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی باری تەندرووستی زۆر باشە .

مێركڵ وتوویەتی: یەكەم لەرزینی جەستەی لە ١٨ی حوزەیران و لەكاتی پێشوازیكردنی لە فۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا پەرچەكردارێكی دەروونی بۆدرووست كردووە كە هۆكاری دوو لەرزینەكەی تریش بوون .

هەروەها رۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی باسی لەوە كردووە، كە لەدوای یەكەم حاڵەتی لەرزین كە تووشی مێركڵ هات ، چەندین پشكنینی پزیشكی چروپڕی بۆكراوە ، كە ئەوكات هۆكارەكەی بۆ كەمی شلە لەناو جەستەی مێركڵ گێڕدرایەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی