توركیا بەردەوامە لەبەتاڵانبردنی شوێنەوارەكانی عفرین

کوردستان

16/07/2019‌ 601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای توركیا بەردەوامە لە بەتاڵانبردن و دزینی شوێنەوارەكانی عفرین و گواستنەوەیان بۆ توركیا، ئەوەش لەرێگەی ئەنجامدانی پرۆسەكانی كنەوپشكنین لەو شارەدا.

دوای وێرانكردنی چەندین شوێنەواری دێرینی عفرین، سوپا و بە كرێگیراوەكانی توركیا دەستیان كردووە بەدزینی شوێنەوارەكان، لە هەوڵێكیاندا بۆ سڕینەوەی شارستانیەتی ئەو شارە، كە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

سەرچاوەیەك لە ناحیەی جەندریس باسی لەوە كردووە، توركیا و گروپەكانی دەستیان كردووە لەهەڵكەندنی هەندێك شوێن، كە هی خەڵكی مەدەنییە لە گوندی سندیانكە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە لەو هەڵكەندنەدا پارچەیەكی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوەو رەوانەی توركیایان كردووە بە شێوەیەكی راستەوخۆ، ئەمەش مانای وایە ئەو پارچە شوێنەوارە گرنكی زۆری هەبووە.

لەهەمان كاتدا سەرچاوەیەك لە ناحیەی موباتا رایگەیاندووە، توركیا و گروپەكانی ماوەی هەفتەیەكە دەستیان بە كنەوپشكنین كردووە لە شوێنە دێرینەكانی ئەو ناحیەیە، ئەمەو جگە لە دەستپێكردنی هەڵكەندن و گەڕان بەدوای شوێنەواردا لە هەردوو گوندی عربا و كمروك.

هەروەها سوپای توركیا بەردەوامە لە كنەو پشكنین لە گردی عندارا و جندریسە و پارچە شوێنەوارەكانی بۆ توركیا دەگوێزنەوە.

سەرچاوە: ANHA
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا