پێشنیازێكی نوێی توركمانەكان بۆ چارەسەری دۆخی پارێزگای كەركوك

عیراق

16/07/2019‌ 2389 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەوزی ئەركەم تەرزی یەكێك لەبەرپرسانی توركمانی لە شاری كەركوك باس لەوە دەكات، كە پێكهاتەی توركمانی پێشنیازێكی نوێی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی پارێزگاری كەركوك پێشكەش كردووە ، بەڵام مەرجی ئەوە دانراوە، كە نابێت هەرێمی كوردستان دەستتێوەردان لە بابەتەكە بكات .

فەوزی ئەركەم تەرزی لەلێدوانێك دەڵێت: پۆستی پارێزگاری كەركوك میراتی هیچ لایەنێكی دیریكراو نییە ، تەنیا هەر پشكی كورد نییە، بەڵكو چەند پێكهاتەیەكی سەرەكی لە كەركوك هەیەو دەبێت بەشدار بن لە ئیدارەدانی شارەكە .

سەبارەت بە پێشنیازەكە ئەو بەرپرسە توركمانە دەڵێت: توركمانەكان پێشنیازێكیان كردووە، كە بەپێی ئەوە هەر پێكهاتەیەكی سەرەكی كەركوك بۆ ماوەی دوو ساڵ و بەنۆرە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت.

ئەو دەشڵێت: لەبەر ئەوەی كەركوك پارێزگایەكی عێراقییە و بەشێك نییە لەهەرێمی كوردستان، بۆیە نابێت بەهیچ جۆرێك هەرێمی كوردستان دەستتێوەردان لەو بابەتەدا بكات.
\
رۆژی ١٣ی تەمموز حیزبە توركمانییەكان بەیاننامەیەكیان لەسەر دیاریكردنی پاڵێوراوێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دەركرد ، هەروەك پەیامێكیشیان ئاراستەی حكوومەتی بەغدا كرد .

فەرمانگەی راگەیاندنی حیزبە توركمانییەكان لەبەیاننامەكەیاندا رایانگەیاند، حیزبە توركمانییەكان جەختیانكردووەتەوە، كە بەردەوامی بەرنامەی پەراوێزخستن و تاكرەوی دوو حیزبە كوردییەكان پەیرەوی دەكەن لە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بۆ ئەوان پابەند نییە و وەك ئەوە وایە هەر نەبێت ، بڕیارەكانی پەیوەست بە كەركووك دەبێت لەناو پارێزگاكە بدرێن ، نەوەك لەدەرەوە بسەپێنرێن .

هەروەك بەشداربووانی كۆبوونەوەكە داوایان كردووە رێگە نەدرێت هێزەكانی پیشمەرگە بۆ پارێزگاكە بگەڕێنەوە و هەوڵ بدرێت ئەو دەستكەوتانەی بەهۆی گەرانەوەی هێزە فیدراڵییەكان بۆ كەركوك بەدەست هاتوون پارێزگاریان لێبكرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی