سەدر پشتیوانی گەرانەوەی عەبادی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكات

عیراق

16/07/2019‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژنامەیەكی عەرەبی بڵاویكردەوە، حەیدەر عەبادی بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ گەرانەوە بۆ دەسەڵات و وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ، ئەویش لەڕێگای خۆنمایشكردنی لەبەردەم لایەنە عێراقییەكان لە نەجەف و بەغدا وەك پیاوی دەوڵەت.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە ئەگەر بێتوو عادل عەبدولمەهدی سەركەوتوو نەبێت ، ئەوە  موقتەدا سەدری ڕێبەری رەوتی سەدر پشتیوانی گەڕانەوەی عەبادی دەكات بۆسەر دەسەڵات .

رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" لەسەر زاری سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسرەوە گواستوویەتییەوە، عەبادی دەیەوێت لەبەردەم بازنەكانی دەسەڵات لە نەجەف و بەغدا خۆی وەك پیاوی دەوڵەت نمایش بكات، كە توانای ئەوەی هەیە جڵەوی وڵات بگرێتە دەست لەكاتێكدا ئەگەر عەبدولمەهدی شكستیهێنا لە تەواوكردنی بەرنامە حكوومییەكەی.

سەرچاوەكە رایگەیاندووە، عەبادی توانای ئەوەی هەیە و ئەزموونێكی سەركەوتووشی هەیە ، بۆ ئەوەش لەنەجەفەوە هەوڵەكانی زیاد كردووە و دەیەێت پەیوەندییەكانی خۆشی لەگەڵ ئێران باش بكات.

لەبەشێكی تری قسەكانی ئەو بەرپرسەی هاوپەیمانی نەسردا هاتووە، سەدر هێشتا هەر پشتیوانی حكومەتەكەی عەبدول مەهدی دەكات ، بەڵام لەوەی هێشتا كردوویەتی لێی رازی نییە ، ئەو مۆڵەتەی سەدر داویەتی بە عەبدول مەهدی ساڵێكە كە لە مانگی تشرینی یەكەمدا كۆتایی دێت ".

لەسەر ئەگەری گۆرانكاری لە هەڵوێستی سەدر لەسەر عەبدول مەهدی ، ئەو بەرپرسە دەڵێت: بەدڵنیایی گۆرانكاری لە هەڵویستی سەدر روودەدات ، نزیكترین كەسیش لە سەدرەوە عەبادییە و رەوتی سەدر پشتیوانی دەكات بۆئەوەی جارێكی تر پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی