ئامانج لەسەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا

عیراق

16/07/2019‌ 879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی سیاسی ئامانجی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا ئاشكراكرد.

بەپێی سەرچاوەكە، ئامانج لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكومەت بۆ بەغدا بریتییە لە  پیشاندانی نیازپاكییە لەبەرانبەر بەغدا ، ئەوەش لەژێر سایەی ئەو كەشوهەوا ئەرێنییەی لەپەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، ئامانجێكی تری سەردانەكە خۆی لەئامادەكردنی كەشوهەوایەكی لەبار دەبینێتەوە بۆ سەردانەكانی ئایندە ، كە تێیدا باس لە سەرجەم ناكۆكییەكان و كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكرێت .

لەسەر ئەو كەسانەی لە سەردانەكەدا هاوڕێیەتی سەرۆكی حكووەت دەكەن ، سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە، شاندی هاوڕێی سەرۆكی حكومەت پێكدێن لە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ، ئەوە سەرباری فەوزی حەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

وابڕیارە شاندەكە لە بەغدا چاوی بە هەریەك لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار و عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیران و ـمحەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بكەوێت ، ئەوە جگە لەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك هێز و كوتلەی پەرلەمانی دیدار و چاوپێكەوتنی دەبێت .

ئەو سەردانە بەیەكەم سەردانی مەسرور بارزانی دادەنرێت دوای كەمتر لە هەفتەیەك لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردساتن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە