شارپرێس:
ئه‌مریكا ڤیزای به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌خشی بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی بكات، به‌ڵام له‌ژێر كۆتوبه‌ندێكی توند دا.
ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-ی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كه ڕۆژی دووشه‌ممه سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد به‌فه‌رمانی مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڕێگه‌ی پێدراوه ته‌نیا له‌نێوان باڵه‌خانه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی هاتووچۆ بكات، كه چه‌ند كیلۆمه‌ترێك ئه‌و دوو دامه‌زراوه‌یه له‌یه‌كه‌وه دوورن.
پۆمپیۆ فه‌رمانی ئه‌وه‌ی به به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌نیویۆرك كردووه، جه‌واد زه‌ریف له‌فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن كێنیدی-یه‌وه بچێته ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و له‌وێشه‌وه بۆ نوێنه‌رایه‌تی دیبلۆماتی وڵاته‌كه، واته ته‌نیا ئه‌و سێ شوێنه بۆ ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئێران ڕێگه‌پێدراو بووه بچێت.
برایان هۆك، نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری ئێران ده‌ڵێ، هیچ به‌رپرسێكی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ جه‌واد زه‌ریف كۆنابێته‌وه، بۆیه تا ئێستا دیارنییه سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ ئه‌مریكا به‌سودی هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی هه‌ردوو وڵاته یاخود هێنده‌ی دیكه دۆخه‌كه ئاڵۆز ده‌كات.
ڕ . ج