فەرماندەیه‌كی پێشمەرگە باس له‌ جوڵه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌كات له‌ كه‌ركوك و مه‌خموور

کوردستان

16/07/2019‌ 525 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەی هێزه‌كاتی پێشمەرگە لە مەخموور رایده‌گه‌یه‌نێت، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی حلوات و ڕۆژئاوای کەرکووکەوە دێنە مەخموور و بە شێوەی مەفرەزە جووڵە دەکەن، ھەموو ئەو چەکدارە داعشانەی لە سنووری مەخموور ھەن دەکەونە ئەو ناوچانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکاندان.

لیوا زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی پێشمەرگە لە مەخموور بە ماڵپەڕی پارتی راگه‌یاندووه‌، "چەکدارانی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکانی حلوات و ڕۆژئاوای کەرکووکەوە دێنە مەخموور و بە شێوەی مەفرەزە جووڵە دەکەن، ھەموو ئەو چەکدارە داعشانەی لە سنووری مەخموور ھەن دەکەونە ئەو ناوچانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکاندان. ئەو سنوورەی پێشمەرگەی تێدایە تەنیا یەک چەکداری داعشی تێدا نەماوە و بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کراوە."

دەشڵێت، "جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری مەخموور بەئاشکرا دەبیندرێت، بەڵام لە سنووری پێشمەرگەدا نییە بۆ ئەوەی دەستی خۆمانیان لێ بوەشێنین، ھیچ ھەماھەنگییەکیش لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکاندا نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە مەخموور."

شێخ وەسانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "پێویستە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ بگەنە ڕێککەوتن بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، چونکە ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەکانی پێشووی لەو سنوورانە جووڵەی چەکدارانی داعش نامێنێت، لەبەر ئەوە تەنیا چارەسەر بۆ لەناوبردنی داعش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ مەخموور، پێشتر کە ھێزی پێشمەرگە لەو سنوورە بووە لە داعش پاک کراوەتەوە و دوای ھاتنی سوپای عێراق و حەشد، داعش گەڕاوەتەوە قەزای مەخموور."

لەبارەی ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، لیوا زریان شێخ وەسانی وتی، "ھەماھەنگی لەسەر ئاستی ھەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە ھەیە بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ئێمە لە میحوەرەکە تەنیا ئەرکی پاراستن و کۆنتڕۆڵی سەنگەرەکانمان لە ئەستۆ گرتووە."
ه.م