هەرێم و بەغدا لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان رێککەوتن

عیراق

16/07/2019‌ 1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق له‌سه‌ر پێکهێنانی چەند لێژنەیەکی تەکنیکی بۆ دیاریکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەر کردنیان رێککەوتوون.

 

ئەمرۆ سێ شەممە شاندى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەت  مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆبوونەوەو تیایدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانى هەولێرو بەغداو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان کردوە.

 

بەپێى راگەیەنراوى کۆبوونەوەکە،سەرۆکى حکومەتى هەرێم وێرایی داواى لە سەرۆك وەزیرانی عێراق کردوە وەک دۆستى کورد رۆڵى خۆى ببینێت لە چارەسەرکردنى کێشەکاندا.

سەرۆکى حکومەت جەختیکردوەتەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشدارێکی راستەقینە بێت لە عێراق و پێگە، ئەرك و مافی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دیاری بکرێت.
هەروەها مەسرور بارزانى رونیکردوەتەوە، کە هەرێم جگە لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان داوای هیچ شتێکی زیاتر ناکەن،جەختیشیکردوەتەوە، ئەوان هەرگیز سازش لەسەر هیچ مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان ناکەن.

لاى خۆشییەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندوە، هەرێمی کوردستان و عێراق بە یەکەوە ئەو وڵاتەیان بنیاتناوەتەوە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دانیشی بەوەداناوە، کە کێشەی جۆراوجۆر لەنێوان هەردوولا هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن.

هەروەها سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شکردوە، کە گرنگ ئەوەیە نیازێکی باش بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە، بۆیە پێشنیازکراوە کە هەردوولا بەجیا رەشنوسێك ئامادەبکەن، بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستووری عێراق بۆ کێشەکان.

لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە کە هەردوولا رێککەوتوون، لەدوای ئامادەکردنی رەشنووسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و خستنەڕووی چارەسەرییەکان، لەماوەیەکی نزیکدا لێژنەی تەکنیکی تایبەتمەند کۆببنەوە و بڕیار لەسەر چارەسەری سەرجەم کێشەکان بەپێی دەستووری عێراق بدەن.

س.هـ

بەپەلە