مەسرور بارزانی بۆ چارەسەركردنی دۆسییەی نەوت پێشنیازێكی نوێ دەخاتە بەردەم عادل عەبدولمەهدی

کوردستان

17/07/2019‌ 2269 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار باسی لەوە كردووە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكی نوێی بۆ چارەسەركردنی دۆسییەی نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا پێشكەش كردووە. 

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: گفتوگۆكانی مەسرور بارزانی لە بەغدا بەپلەی یەكەم بۆ باسكردن بووە لە دۆسییەی نەوت و یەكلاییكردنەوەی دۆسیەیی بودجە.

بە قسەی ئەو سەرچاوەیە مەسرور بارزانی لەكاتی گفتوگۆكردنی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەسەرووی هەموویانەوە عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیری عێراق ، ئامادەیی ئەوەی پیشانداوە، كە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات و لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت ، لەبەرانبەردا بەغدا بڕی ٨٨٠ ملیۆن دۆلار  بۆ هەرێم بنێرێت، كە ئەویش ئەو  بڕە پارەیەیە بۆ موچەی فەرمانبەران و پیشمەرگە تەرخانكراوە.

هەر بەقسەی سەرچاوەكە لەكاتی دانیشتنەكاندا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، بەغدا مانگانە ٤٤٣ ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە ، بۆیە هەرێم بۆ تەواوكردنی پێدانی موچە ناچار بووە خۆی نەوتەكەی هەناردە بكات و بیفرۆشێت.

سەرچاوە ئاگادارەكە ئاشكراشیكردووە، یەكێكی تر لەو دۆسییانەی قسەی لەسەر كراوە دۆسییەی چالاككردنەوەی ئەو پێنج لیژنە هاوبەشە بووە، كە لەسەردەمی سەرۆكایەتی حكومەتی نێچیرڤان بارزانیدا درووستكران و تایبەتن بەبارودۆخی كەركوك و ناوچەكێشەلەسەرەكان ، بەڵام دواتر ئەو لیژنانە لەكار وەستان و مانگانە راپۆرتی خۆیان نەدەنارد.

هەروەها یەكێكی تر لەو دۆسیانەی لەسەردانەكەی سەرۆكی حكومەتدا قسەی لەبارەوە كراوە بریتی بووە لە سەرپەرشتیكردنی حكومەتی بەغدا لە یەكلاییكردنەوەی ناونانی پۆستەكانی كەركوك و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك .

رۆژی سێ شەممە ، مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم سەردانی ساری بەغدای كرد و لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبۆوە ، ئەوەش بەیەكەم سەردانی سەرۆكی حكوومەت دادەنرێت لەوەتەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی