ئه‌مریكا: پشتگیری لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکارانی بیانی دەکەین

عیراق

17/07/2019‌ 809 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باڵیۆزخانەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا لە عێراق ئیدانەی هێرشی سەر کارمەندانی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر دەکات و رایگه‌یاند، پشتگیری لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکارانی بیانی لە عێراق دەکەن.

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ رووداوێكی ته‌قه‌كردن له‌ یه‌كێك له‌ رێستۆرانته‌كانی شاری هه‌ولێر روویداو به‌هۆیه‌وه‌ كارمه‌ندێكی باڵیۆزخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر كوژرا.

باڵیۆزخانەی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا لە عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، "ئیدانەی هێرشی سەر کارمەندانی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر ده‌كه‌ین و پشتگیری لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکارانی بیانی لە عێراق دەکەن". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیدانەی هێرشە قێزەونەکەی سەر ئەندامانی کۆنسوڵخانەی تورکیا دەکات، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستە دەکەین و پشتگیری لە پاراستنی ئاسایشی دیپلۆماتکارانی بیانی لە عێراق دەکەین". 


ئاسایشی هه‌ولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی روداوەکەی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  "لە رێستورانتێکی شاری هەولێر روداوێکی تەقە کردن رویداوە و بەهۆیەوە کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا کوژراوە".

ئاسایشی هه‌ولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە رێستورانتێکی شاری هەولێر رووداوێکی تەقە کردن روویدا کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاووڵاتیەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین. لەهەمانکاتدا هاووڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە، کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت".
ه.م