دووركەوتنەوە لەچەند خویەك مەترسی تووشبوون بەزەهایمەر كەمدەكاتەوە

تەندروستی

18/07/2019‌ 1071 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك لێكۆڵینەوەی پزیشكی نوێ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە پەیرەوكردنی ستایلێكی تەندروستانەی ژیان مەترسییەكانی تووشبوون بە زەهایمەر، یان جۆرەكانی تری خەڵەفان كەمدەكاتەوە .

لێكۆڵەرەوانی ئینگلیز  بۆ ئەم لێكۆڵینەوەیە بانكی ژیاری بەریتانی (بایۆ بانك)یان بەكارهێناوە بۆ لێكۆڵینەوەی نزیكەی ٢٠٠ هەزار كەس كە تەمەنیان ٦٠ ساڵ یان زیاتر بووە) .

بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشیەتد پرێس" ، ئەو كەسانەی مەترسی بۆماوەیی بەرزیان هەیە و پەیڕەوی خووی تەندروستی خراپ دەكەن سێقات زیاتر ئەگەری تووشبوون بەخەڵەفانیان هەیە بەراورد بەو كەسانەی مەترسی بۆماوەیی كەمتریان هەیە و پەیڕەوی سیستەمێكی خۆراكی تەندروست دەكەن .

بەبێ لەبەرچاوگرتنی بڕی ئەو مەترسییە جینییەی تووشی كەسێك دەبێت ، بەڵام پەیرەوكردنی سیستەمێكی خۆراكی باش و كردنی راهێنانە وەرزشییەكان و جگەرە نەكێشان و نەخواردنەوەی ماددە كحوولییەكان، وادەكەن ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان كەمتر ببێتەوە.

لێكۆڵینەوەكە لەیەكێك لە كۆنفرانسە نیودەوڵەتییەكانی كۆمەڵەی نەخۆشی زەهایمەر لەلۆسئەنجلۆس گفتوگۆی لەسەر كراوە و لەسەر پێگەی گۆڤاری كۆمەڵەی پزیشكی ئەمەریكیش بڵاوكراوەتەوە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی