بۆچی تیمی فرۆكەوانی ناو فڕۆكەكان چا و قاوە ناخۆنەوە؟

تەندروستی

18/07/2019‌ 1262 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند راپۆرتێك ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە تیمی فرۆكەوانی و ئەندازیارانی چاككردنەوەی ناو فرۆكە هەرگیز لەناو فرۆكە چا و قاوە ناخۆنەوە ، كە هۆكارەكەی بۆ پاكوخاوێنی گێردراوەتەوە .

بەگشتی زۆربەی گەشتیاران لەكاتی گەشتەكانیان لەناو فرۆكە چاویان لەخواردنەوەی چا، یان قاوەیە تا كەمێك لەماندوییەتی گەشتەكەیان كەمبكاتەوە ، بەڵام لەم دواییانە چەند راپۆرتێك هۆشداریان داوە لەخواردنی هەر شتێك لەناو فرۆكە، كە ئاوی تێدا بێت  لەبەر پیسی ئەو ئاوەی بەكاردەهێنرێت.

یەكێك لەو خزمەتكارانەی ناو فرۆكە بە پێگەی "بیزنس ئینسایدەر"ی وتووە: خزمەتكارانی ناو فرۆكە هەرگیز لەناو فرۆكەدا چا، یان قاوە ناخۆنەوە.

بەگوێرەی پێگەكە لەهەر ٨ فڕۆكە یەك فرۆكەیان لە تاقیكردنەوەی "ئاوی پاك" دەرناچێت، لێكۆڵینەوەیەكیش، كە پێش ١٥ ساڵ كراوە باسی لەوە كردووە هەندێك ئاوی ناو فڕۆكەكان ماددەی مەترسیداری "كلۆرۆسۆم"ی تێدایە .

لەراپرسییەكی پێگەی "كورا" یەكێك لە فرۆكەوانەكان هۆشداری داوەتە گەشتیاران بەوەی لەناو فرۆكە هیچ شتێك نەخۆن، كە ئاوی تێدابێت ، لەبەر ئەوەی هەندێ لە فرۆكەكان ماددەی كیمیایی دەكەنەوە ناو ئاوەكەوە تا بەكتریا بڵاونەبێتەوە ، بەوەش تامێكی ناخۆش و هەندێك گرفتی تەندرووستی پێوەیە.

لێكۆڵینەوەیەكیش، كە لە بڵاوكراوەیەكی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی ژینگە و تەندروستی لەساڵی ٢٠١٥ بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: بەكتریا زیاتر لەكاتی گواستنەوەی ئاو لەناو بارهەڵگرەكان بۆناو فرۆكەكە دروست دەبێت وەك لەوەی سەرچاوەی خودی ئاوەكە بێت ، لەبەر ئەوە واباشترە گەشتیار بەخواردنەوەی قوتوویەك شەربەت یان ئاوێكی ناو دەبە وابهێنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی