دەنگۆی مردنی بیلالی فیلمی "ریسالە" رەتدەكرێتەوە

جیهان

18/07/2019‌ 1048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەساڵی ٢٠١٦ وە تائێستا چەندین جار دەنگۆی مردنی ئەكتەری لیبی عەلی ئەحمەد سالم بڵاوكراوەتەوە، كە لە فلیمی "ریسالە" رۆڵی بیلالی حەبەشی دەگێڕێت ،  فلیمەكەش لەساڵی ١٩٧٦ بە دوو بەشی عەرەبی و ئینگلیزی بەرهەم هاتووە ، كە لە بەشە عەرەبییەكەی پاڵەوانەكەی عەبدوڵڵا غەیسە و بەشە ئینگلیزییەكەی پاڵەوانەكەی ئەنتۆنی كوینە .

دواین جار، كە دەنگۆی مردنی ئەو هونەرمەندە لیبییە بڵاوبووەوە  دوو هەفتە پێش ئێستا بوو ، ئەوەی زیاتر هەواڵەكەی لەراستییەوە نزیك كردووەتەوە ئەوە بوو، كە دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان  گرنگی بە هەواڵی ناوداران دەدەن برەویان بەهەواڵەكە دەدا ، بەڵام هونەرمەندی ناوبراو لەسەر زاری خۆیەوە هەواڵەكەی رەتكردەوەو وتی: ئەو هێشتا لەژیاندایە .

سالم بە پێگەی "عەرەبییە"ی راگەیاندووە، ئەو ئێستا لەشاری بەنغازی نیشتەجێیە و پێشكەشكاری بەرنامەیەكە لەسەر زمانی عەرەبی و هونەری و تاردان ، جگە لەوەی وەك ئەندامی كۆمەڵەی نیشتمانی هاوڕێیانی زمانی عەرەبیش كار دەكات، كە ئامانج لێی بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی قسەكردنە بە زمانی عەرەبی ڕێزمانی و پیشكەشكردنییەتی بەشێوەیەكی راست .

ئەو راشیگەیاند، ماوەی ٦ ساڵە خانەنشین كراوە ، كە پێشتر وەك بێژەر كاری دەكرد ، ئێستاش هیچ پیشەیەكی فەرمی نییە ، بەڵكو تەنیا لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار دەكات و بەرنامەی رۆشنبیری و نواندن و راگەیاندن پێشكەش دەكات .

ئەو هونەرمەندە ئەوەشی راگەیاند، كە ئەو لەدایكبووی شاری ئەسكەندەرییەی میسرە و دایكی میسرییە و باوكی لیبییە ، لەتەمەنی ١٦ ساڵییەوە روویان لە لیبیا كردووە و لەوێش خوێندوویەتی و وانەی وتووەتەوە ، هەر لەویش دەرفەتی بەشداریكردنی لە فلیمی ریسالە بۆ رەخساوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی