قەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی كڕینی مووشەكی"S-400" بەر توركیا دەكەوێت

جیهان

18/07/2019‌ 2878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمەریكا قەبارەی ئەو زیانانە ئاشكراكرد، بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی موشەكی "S-400"ی روسی و دوورخستنەوەی لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی "ئێف-٣٥" بەر توركیا دەكەوێت .

لەسەر ئەو بابەتە ، ئیلین لۆرد یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكی بۆ كاروباری پشتیوانی خۆیی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تایبەتدا رایگەیاند، بەدڵنیایی توركیا زیانی بەردەكەوێت، "بەداخەوە لە ئایندە دەرفەتی كار و هەندێك توانای گەشەكردنی ئابووری بەهۆی ئەو بڕیارەوە ەدەست دەدات".

لەسەر زیانەكانی توركیا لۆرد رایگەیاند، توركیا ئەو  ٩ ملیار دۆلارەی لەدەست دەچێت، كە وابڕیار بوو بەهۆی بەشداریكردنی لە بەرنامەی پەرەپێدانی F-35 بەدەستی بهێنێت.

ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە توركیا پێش بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ی موشەكی"S-400"ی رووسی دەرفەتی بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٩٠٠ پێكهاتەی فرۆكەكانی F-35 و دەستكەوتنی ٩ ملیار دۆلاری بۆ رەخسابوو، بەڵام چیتر ئەو مافەی نامێنێت .

لۆرد باسی لەوەش كردووە، ئەمەریكا لەگەڵ توركیا لەهەوڵدایە بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی توركیا پێشتر لەچوارچێوەی گرێبەستی كڕینی فرۆكەی F-35 و بەمەبەستی كڕینی ١٠٠ فرۆكەی لەو جۆرە پێشەكی داویەتی .

بەگوێرەی قسەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ، لەچوارچێوەی گرێبەستی كڕینی فرۆكەی جۆری "F-35".  ئەو وڵاتە پێشەكی ١،٢٥ ملیار دۆلاری داوە .

پێشتر واشنتۆن چەندین جار هۆشداری ئەوەی بە توركیا دابوو ، ئەگەر بێت و ئەو وڵاتە لەهەنگاوەكانی بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ی مووشەكی"S-400"ی رووسی ، ئەوە توركیا لەبەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی F-35 دوور دەخرێتەوە ، چاوەرێش دەكرێت پرۆسەی سڕینەوەی بەشداری توركیا لە بەرنامەكە تا مانگی ئازاری ٢٠٢٠ تەواو ببێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی