كەناڵی رووداو رووداوەكەی هەولێر بە "پلان بۆ دارێژراو" دەداتە قەڵەم

کوردستان

18/07/2019‌ 5360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی رووداوی نزیك لەپارتی دیموكرات بڵاویكردەوە، ئەو ناوچەیەی، كە رووداوی تەقەكردنەكەی رۆژی چوارشەممەی تێدا روویدا، یەكێك لە ناوچە جوان و بێدەنگ و ئارام و ئاستبەرزەكانی هەولێرە. 

كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، ناوچەیەكە كافتریای جوان، خواردنگە و چێشتخانەی پێشكەوتوو و كوالێتی بەرزی لێیە، بۆیە دیپلۆمات، كارمەندانی كۆمپانیا بیانییەكان و خاوەنكاران ئەو ناوچەیان كردووەتە شوێنی پشوودان و بەردەوام لە چێشخانەكانی ئەوێ نان دەخۆن، بەڵام ئەوە یەكەم رووداوی تەقەكردنە لەو دەوروبەرە و یەكەم هێرشی بەوشێوەیە لە هەولێر رووبدات، بۆیە تەقەكەرەكان بە پلان شوێنی رووداوەكەیان هەڵبژاردووە، رەنگە چەند رۆژ پێشتریش ئامادەكارییان بۆ كردبێت.

بەپێی كەناڵەكە سەعاتەكە، 11:30 سێ كەس بە ئۆتۆمبیلێكی تۆیۆتا یارس دێن و بەرانبەر ئەو كافتریایەی دیپلۆماتە توركەكەی لێدانیشتووە، رادەوەستن، دواتر هەندێك بەو دەوروبەرەدا دەسووڕێنەوە، شوێنەكە بەجێدێڵن و دوای نیو سەعات دەگەڕێنەوە، ئەمجارە دەچنە ژوورەوەو یەكێكیان لە مێزی تەنیشت دیپلۆماتە توركەكە دادەنیشێت و ئەوانیدیكەش لەوبەرەوە، وا خۆیان پیشاندەدەن هەموو شت ئاساییە و وەك هەموو ئەوانەی لەوێن داوای ئاو و چا و قاوە دەكەن. 

هەر بەپێی كەناڵەكە، زۆر بە وردیش لە دەوروبەری خۆیان دەڕوانن و دەیانەوێ لە هەموو شت دڵنیا بن، هەندێك كات تێدەپەڕێ و دیپلۆماتە توركەكە دەیەوێ بڕوا، لەوكاتەی كە دەیەوێ پارە بدات، یەكێك لە تەقەكەرەكان هەڵدەستێ و دەمانچەیەكی بێدەنگ دەردێنێ و فیشەكێك دەنێ بە سەری دیپلۆماتە توركەكەوە، دەستبەجێ گیان لەدەستدەدا. هەموو ئەوانەی كە لەوێن خۆیان دەخەنە سەر زەوی، تەنیا دوو كەس نەبێ. ئەو دوو هاونیشتمانییە گەنجەی كە لە رووداوەكە گیانیان لەدەستدا، هەردووكیان دەیانەوێ هەستنە سەرپێ. 

بەڵام دیار نییە دەیانەوێت پەلاماری تەقەكەرە بدەن، یان دەیانەوێ دووركەونەوە، لەكاتی هەستانەوەی ئەوان، یەكێكی دیكە لە تەقەكەرەكان كە وادیارە پاسەوانی تەقەكەری سەرەكی دەكات، دەمانچە بێدەنگەكەی دەردێنێ و چەند فیشەكێك بە هەردووكیانەوە دەنێ، پاش ئەوە هاوەڵی دیپلۆماتە توركەكە كە لەسەر زەوی راكشاوە، دەستدەكاتە تەقە و تەقەكەرەكانیش هەڵدێن، یەكیان لە نزیك دەرگای كافتریاكە بریندار دەبێ و بە شەلە شەل رادەكاتە دەرەوە، لە چوونە دەرەوە دەگەنە دوو كەسی دیكە، بەڵام هیچ ناكەن و سواری ئۆتۆمبێلەكەیان دەبن و زۆر بەخێرایی شوێنەكە بەجێدێڵن.

هەموو ئەوانەی لەوێن وادەزانن رووداوێكی ئاساییە، بەڵام كە ئاسایشی ناوچەكە دەچنە سەر كوژراوەكان و تەماشای ناسنامەكەنیان دەكەن، دەردەكەوێ یەكێك لە كوژراوەكان دیپلۆماتێكی كونسووڵخانەی توركیایە لە هەولێر. لە كامێراكانی چاودێری دەمووچاوی تەقەكەرەكان دیارە، بەڵام دەركەوتووە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە ساختەیە و راست نییە.

هـ ـ ح