یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك ئاشكرادەكات

عیراق

19/07/2019‌ 2305 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك ئاشكراكرد، كە پێیوایە رووداوی كوشتنی دیبلۆماتكارەكەی توركیا لە هەولێر هۆكاری دواكەوتنی یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیە بووەو دەشڵێت: دانانی پارێزگاری نوێ كاتی نزیك بۆتەوە.

كاروان ئەنوەر بەرپرس لەمەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، لەمیانی لێدوانێكی دەڵێـت: دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك، كە "تەیب جەبارە" لەكاتی گرێدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك یەكلایی دەكرێتەوە ، كە وابریارە بەم زووانە بەڕێوەبچێت.

ئەو دەشڵێت: ڕووداوەكەی هەولێر یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیەی كەمێك دواخست‌و باسی لەوەش كردووە،  پارتی دیموكرات سەرنجی لەسەر شوێنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە ، كە تێیدا پارێزگاری نوێی لێهەڵدەبژێردرێت.

هەروەها دەڵێت: ئەوان (پارتی) حەز دەكەن كۆبوونەوەكە لەدەرەوەی كەركوك بێت، كە زیاتر دەیانەوێت كۆبوونەوەكە لە هەولێر بەڕێوە بچێت .

لەسەر بەرواری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و دەنگدان لەسەر پارێزگاری نوێی كەركوك ئەنوەر دەڵێت: یەكێتی لاری نییە ئەگەر كۆبوونەوەكە كەی و لەچی جێگایەك بكرێت ، بەقەد ئەوەی دەیەوێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و ئەو دەنگە بەعسیانە دوور بخرێنەوە كە لەدژی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد درووشمیان دەوتەوە.

ماوەی رابردوو یەكێتی‌و پارتی لەسەر دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك رێككەوتن، كە لەساڵی 2017وە ئەو پۆستە لای كورد نەماوەو راكان سەعید جبوری بەوەكالەت پۆستەكە بەرێوەدەبات.

هـ ـ ح