ئێران رەتیدەكاتەوە هیج فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی لەلایەن ئەمەریكاوە خرابێتە خوارەوە

جیهان

19/07/2019‌ 209 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەباس عێراقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری سیاسی بانگەشەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە دەربارەی خستنە خوارەوەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئێرانی‌و وتی: وڵاتەكەیان هیچ فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی لەدەست نەداوە.

عێراقچی لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: هیچ فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانمان لەدەست نەداوە ، نە لەتەنگەی هورمز ، نە لە هیچ شوێنێكی تر.

هەروەها نووسیویەتی: ئێمە نیگەرانین كەشتی جەنگی "بۆكسەر"ی ئەمەریكی ، بەهەڵە فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی خۆیانی پێكابێت.

دۆناڵد ترامپی رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، كەشتی جەنگی ئەمەریكی "بۆكسەر" لە تەنگەی هورمز فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە دوای ئەوەی تا نزیكەی ٩٠٠ مەتر لە كەشتییەكە نزیك بووەتەوە و هیچ وەڵامی هۆشدارییەكانی نەداوەتەوە.

ترامپ راشیگەیاند، فرۆكە بێفرۆكەوانەكە هەڕەشەی لەسەر كەشتییە جەنگییە ئەمەریكییەكە درووست كردووە بۆیە بەئامانج گیراوە ، داواشی لە وڵاتانی تر كرد، كە پارێزگاری لە كەشتییەكانیان بكەن .

دوای پاشەكشەی واشنتۆن لە ریكەوتننامەی ناوەكی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز لە لەساڵی ٢٠١٥ واژوو كرا ، ئاستی گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر هەڵكشاوە ، تەنانەت هەندێ جار گەیشتۆتە ئاستی نزیكبوونەوەی ڕووبەروو بوونەوەی سەربازی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی