سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەناو هەرێم فراوانتر دەكات

کوردستان

19/07/2019‌ 1138 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان فراوانتردەكات، ئەوەش لەكاردانەوەی كوژرانی جێگری كونسوڵی كونسوڵخانەكەی لەهەولێر.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوو رۆژە سوپای توركیا دەستی بەجموجوڵی زیاتر لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، ئامانجی سوپای توركیا رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانە لەچەند ناوچەیەكی هەرێم.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، ئەو هەنگاوە كاردانەوەی كوژرانی عوسمان كۆسە جێگری كونسوڵی توركیایە لەهەولێر، كە چوار شەممەی رابردوو لەچێشتخانەیەك كوژرا.

هاوكات خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، دەستیان بەئۆپەراسیۆنێكی فراوان لەناو خاكی هەرێم كردووە، كە فراوانترین ئۆپەراسیۆنیانە تائێستا لەناوچەكە ئەنجامیانداوە.

هەروەها رایگەیاند، دەیانەوێت لەكاردانەوەی هێرشەكەی هەولێر، زیانێكی گەورە لەبەرژەوەندییەكانی پارتی كرێكاران بدەن.

هـ ـ ح