مەترسى لەسەر پەرلەمانتارێکى هەدەپە هەیە
هەدەپە: قبوڵى ناکەین ناوى هەدەپە و پەرلەمانتارەکانمان بە توندوتیژییەوە گرێ بدرێت

کوردستان

19/07/2019‌ 918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆى ناوى تۆمەتبارى رووداوەکەى هەولێر مەترسى لەسەر پەرلەمانتارێکى هەدەپە دروست بووەو هەدەپەش رایدەگەیەنێت، قبوڵى ناکەن پەرلەمانتارەکانیان بە توندوتیژیەوە گرێ بدرێت و دەستگیر بکرێن.

 

دواى بڵاوبووکردنەوەى ناو وێنەى یەکێک لە تۆمەتبارەکانى رووداوى تەقەکردنەکەى شارى هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى هەرێمەوە کە (مەزڵوم داغ)ە مەترسى لەسەر پەرلەمانتارى هەدەپە دەرسیم داغ دروست بووە بەو پێیەى ئەو تۆمەتبارە براى پەرلەمانتارەکەى هەدەپەیە.

 

لەبەیاننامەیەکدا پارتى ئاشتى و دیموکراتى گەلان(هەدەپە) رایگەیاند" بەهیچ شێوەیەک قبوڵى ناکەین پەرلەمانتارمان دەرسیم داغ دەستگیر بکرێت یان ئاستەنگى بۆ دروست بکرێت لەبەر ئەوەى ناوى براکەى ئەو هاتووە وەک تۆمەتبارى رووداوەکەى هەولێر".

 

هەدەپە ئاماژەى بەوە کردوە، هێشتا رووداوەکە روون نییە کە کێ ئەنجامیداوە، بۆیە داواى کردوە ئەنجامدەرانى ئاشکرا بکرێن و هۆکارەکەشى ئاشکرا بکرێت.

 

هەروەها هەدەپە جەختیکردوەتەوە قبوڵى ناکەن پەرلەمانتارەکان و ناوى هەدەپە گرێ بدرێت بە توندوتیژییەوەو دەشڵێت" ئەو پرسە هێرشکردنە بۆ سەر سیاسەتى ئاشتیخوازانەى هەدەپە کە رەنگە ئاڵۆزى و پێکدادان لەناوچەکە دروست بکات ئێمەش ئەوە رەتدەکەینەوە".

 

میدیاکانى تورکیا بەشێوەیەکى چڕ پرسى ئەو تۆمەتبارو پەرلەمانتارەکەى هەدەپەیان زەق کردوەتەوەو بەشێکیان داواى دەستگیرکردنى پەرلەمانتارەکەى هەدەپە دەکەن لەبەرامبەر دیارنەمانى تۆمەتبارەکە، ئەوەش وایکردوە مەترسى لەسەر دەرسیم داغ پەرلەمانتارى هەدەپە دروست ببێت.

س.هـ