هەرێم و بەغدا لەسەر بەهاوبەشى بەڕێوەبردنى ناوچە کێشەلەسەرەکان گفتوگۆ دەکەن

عیراق

19/07/2019‌ 883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت،گفتوگۆی نێوان ھێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان لەڕووی ئەمنی و سەربازیەوە بەردەوامە.


لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لیوا ھیوا ڕەش فەرماندەی میحوەری باشوری کەرکوکی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد بەرێوەبردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێویستی بەھەماھەنگی ھەیە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دا، وتی "بەپێی دەستوری عێراقیش دەبێت ئەو ناوچانە بەھەماھەنگی ھەردوولا بەڕێوەببرێن."


لیوا ھیوا ڕەش ئاماژەى بەوەشکردوە، لەکۆبونەوەی نێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە و عێراق ڕەتکردنەوە نەبووە، بۆیە ھیواى خواستووە گفتوگۆکان بەرھەمداربن


ئەو فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک، جەختیکردەوە، ناوچە کێشەلەسەرەکان لە خانەقینەوە تا شەنگال، دەبێت بەھەماھەنگی لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەوە بەڕێوەببرێن، دەستوریش وا دەڵێت.


ھەروەھا وتیشی"ھەماھەنگی پێویستی بەرێککەوتن ھەیە، تا میکانیزمێک بۆ چۆنیەتی ھەماھەنگی کردنەکە بدۆزرێتەوە."


سەبارەت بەوەی لەئێستادا پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشە لەسەرەکان ھیچ بازگەیەکی ھاوبەشیان ھەیە، فەرماندەکەی پێشمەرگە وتی"تا ئەم دەقە ھیچ بازگەیەکی ھاوبەشمان نیە، بەڵام تەوەرێکی گفتوگۆکان بوونی ھێز و بازگەی ھاوبەشە لەو ناوچانە."

س.هـ