ئەپڵیكەیشنی "فەیس ئەپ" مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا

جیهان

20/07/2019‌ 477 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاك شۆمەر سەرۆكی دیموكراتەكان لەئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكی لە نامەیەكیدا بۆ سەرۆكی نووسینگەكانی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی و لیژنەی بازرگانی فیدراڵی، هۆشداریدەدات لەو مەترسیانەی ئەپڵیكەیشنی  "FaceApp" لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا دروستیدەكات .

شۆمەر لە تویتێكیدا دەڵێت: ئەپڵیكەیشنی  "FaceApp" تەكنەلۆژیا بەكاردەهێنێت بۆ گۆرینی وێنەی بەكارهێنەرانی و وایانلێدەكات بچووكتر، یان بەتەمەنتر بن  ، یان رەگەزیان بگۆڕێت ، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بەكارهێنانی ئەو ئەپڵیكەیشنە دەبێت مافی ئەوە بە كۆمپانیاكە ببەخشی دەستی بگات بە هەموو وێنە و داتا كەسییەكانت بێ هیچ كۆت و بەندێك .

بەقسەی سیناتۆرەكە ئەپڵیكەیشنی  "FaceApp" هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا و تایبەتمەندی ملیۆنان هاوڵاتی ئەمەریكی .

شۆمەر داوای لە "FBI" كردووە بزانێت، كە چۆن دەبێت زانیاریی كەسیی ملیۆنان هاوڵاتیی ئەمەریكی لەلای ئەپڵیكەیشنی فەیس ئەپ بكەوێتە دەست حكومەتی روسیا یان ئەو رێكخراوانەی سەر بە روسیان .

ئەپڵیكەیشنی "FaceApp" لەلایەن كۆمپانیای Wireless Labی روسییەوە پەرەیپێدراوە و بۆ گۆڕینی ڕواڵەتی خەڵك بەكاردەهێنرێت ، بەشێوەیەك دەتوانرێت وا لە سیمای كەسەكە بكرێت بچووكتر یان بەتەمەنتر دەربكەوێت .

سەرەرای ئەو رەخنانەی لێیدەگیرێن و ئەو مەترسیانەی شارەزایانی بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی لەبارەیەوە باسی دەكەن ، بەڵام ئەو ئەپڵیكەیشنە لەماوەیەكی كەمدا وەك ئاگری ناو پووش بەخێرایی لەجیهاندا  بڵاوبۆوە .

وەرگێڕان:  ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی