شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەیەكی تایبەت بە بواری سەربازی بەناوی "بیزنس ئینسایدەر"، هێزی دەریایی ئەمەریكی سیستەمێكی نوێیان بۆ خستنە خوارەوەی فرۆكە بیفرۆكەوانە ئێرانییەكە بەكارهێناوە، كە لەسەر پشتی كەشتییەكی سەر بە هێزی دەریایی جێگیركراوە .
بەپێی پێگەكە، ئەو سیستەمە نوێیەی هێزی دەریایی ئەمەریكی، كە دژی فرۆكەی بیفرۆكەوانە ، دەكرێت لەسەر هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێكی سەربازی جێگیر بكرێت ، جگە لەوەی توانای ئەوەی هەیە لەسەر كەشتییە جەنگییەكانیشەوە بەدوای فرۆكەی بێفرۆكەواندا بگەرێت و بیاندۆزێتەوە .
بەرپرسێكی سەربازی ئەمەریكی، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە دەڵێت: سیستەمێكی تەواوكاری بەرگری ئاسمانی –دەریایی سەر بە هێزەكانی مارێز كە بە "لمادیس" LMADIS" ناسراوە ، سەری لە فرۆكە بیفرۆكەوانە ئێرانییەكە شێواندووە، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا وتی: لەتەنگەی هورمز لە كەشتییەكی جەنگی ئەمەریكی نزیكبووەتەوە و ئەوانیش كردوویانەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاشكراشیكردووە، هێزەكانی فیرقەی یازدەی هێزی دەریایی ئەمەریكی، كە ٢٢٠٠ كەس دەبن و بارەگاكەیان لەكالیفۆڕنیایە ، ئێستاش لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست جێگیر كراون ، بەو جۆرە سیستەمە پڕچەككراون .
سیستەمی "لمادیس" خۆی لەخۆیدا بریتییە سیستەمێكی جێگیركراو لەسەر ئۆتۆمبیلی سەربازی، كە لە هەموو جۆرە خاكێك و بەرز و نزمییەكدا كار دەكات .
بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی هیزەكانی مارینز ، كە تێیدا وەسفی سیستەمەكە دەكات ، دەردەكەوێت یەكێك لەئۆتۆمبیلانە تایبەتە بە سەركردایەتیكردن ، لەكاتێكدا ئەوەی تریان سەكۆیەكی تایبەتە بە جەنگی ئەلیكترۆنی، بەگشتیش لەسەر زەوی یان لە وشكانی بەكاردەهێنرێت ، بەڵام لەم دواییە لەسەر كۆمەڵێك كەشتی جەنگیش جێگیر كراون .
بەگوێرەی پێگەی "سی ٤ ئای ئێس ئاڕ"، سیستەمەكە بۆ گەران و سكانكردنی ئاسمان و دۆزینەوەی فرۆكەی بێفرۆكەوان و لەیەكجیاكردنەوەی فرۆكەی دوژمن لە فرۆكەی دۆست ،راداریك و دوو كامێرا بەكاردەهێنێت ، هەر تەنیا بە دەستنیشانكردنی شوێنی هەڕەشەكەش دەستبەجێ فریكوێنسەكانی رادیۆ بۆ سەرلێشێواندنی فرۆكە بێفرۆكەوانەكە بەكاردەهێنێت و دەكریتە ئامانج.
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی