پاڵپشتی تیرۆر
ئەمریكا لە دەرگای عێراقەوە سزای ئێران دەدات

sharpress.net

742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

20/07/2019‌

شارپرێس:
پێش چەند مانگێك ژمارەیەك لەئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا یاسای سزاكانیان بەسەر رێكخراوە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئێران (میلشیاكانی سەر بە ئێران) لەرۆژهەڵاتی ناوەڕست پێشكەش كرد، تێیدا داوایان كردووە سزا بەسەر دوو لە میلشیاكانی عێراقی سەر بەئێراندا بسەپێنرێت ئەوانیش، عەسائیبی ئەهلی حەق و جولانەوەی "حزب الله" (نوجەبا).

هەروەها یاریدەدەری سەرۆكی ئەمریكا مایك پێنس قسە لەسەر سزا دەكات بەسەر كەسایەتییە عێراقییەكانی سەر بە ئێران لەنێو لیستی گروپە چەكدارەكان، ئەوانەی سوپای پاسداران پاڵپشتییان دەكەن، یان كەوتوونەتە ژێر هەژموونی تاران و ناوەكان لای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پارێزراون.

ئێران پاڵپشتی تیرۆر دەكات
بەگوێرەی قسەی پنس سزا بەسەر دوو لە فەرماندەكانی میلشیاكانی سەر بە ئێراندا سەپێنراوە، ئەمەش وەك پلانی ئەمریكا بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆری ئێرانی كە ئەمریكا وەك تەماشەكەر لە بەرانبەریان ناوەستێت.

زیاد بوونی بەكارهێنانی میلشیاكان و فرۆكە بێ فرۆكەوانەكان و هێرشە تیرۆریستیەكان لەلایەن ئێرانەوە لە ناوچە جیاوازەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە جێگای دڵەڕاوكێی واشنتۆن، ئەمەش لە ژێر سایەی هەڵكشانی ئالۆزی لە نێوان ئێران و ئەمریكا بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا.

سزاكانی ئەمریكا (رەیان كلدانی) فەرماندەی میلشیای –بابلیون- ی نزیك لە قاسم سلیمانی و (وعد قەدو) فەرماندەی میلشیای شەبەك لە دەشتی نەینەوا دەگرێتەوە. سەرەرای (نەوفەل عاكوب) پارێزگاری پێشوی نەینەواو سەرۆكی هاوپەیمانێتی میحوەر و پارێزگاری پێشوی سەلاحەدین (ئەحمەد جبوری).

پێش ئەوە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ دووپاتیكردەوە سزاكانی واشنتۆن رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی دەكاتە ئامانج و داوای لە تاران كرد پاڵپشتیەكانی بۆ تیرۆر بوەستێنێت.

ئەو پرۆژە یاسایەی پێشتر باسكرا لە ئەنجامی ئەو هۆشداریەوە هات كە كۆشكی سپی ئاراستەی تارانی كرد لە 11ی ئەیلول دەربارەی راگرتنی ئەو میلشیایانەی بە وەكالەت كاری بۆ دەكەن دوای ئەوەی شوێنە دیبلۆماسیەكانی ئەمریكا لە عێراق رووبەرووی هێرشی رۆكێتی یەك لەدوای یەك بوونەوە.

بەیاننامەكەی كۆشكی سپی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات " ئەمریكا وای دادەنێت رژێمی تاران بەرپرسە لە هەر هێرشێك كە برینداری لێ بكەوێتەوە لە نێو ئەوانەی یاوەری حكومی ئەمریكان و بە خێرایی و یەكلاكەرەوە وەڵام دەداتەوە وەك بەرگری لە رۆحی ئەمریكیەكان".

بۆچی عێراق؟
زۆربەی زۆری میلشیاو باڵەكانی سەر بە ئێران لە كاتی كۆتایی هاتنی جەنگی ئەمریكا –عێراق دروست بوون، ئەوان سەرەتا دەستیان بە جێبەجێكردنی هێرشەكان كرد بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی لە عێراق لە میانی پێكهێنانی بنكەیەكی بیروباوەڕی لە دیدگای جیهادی میللیەوە.

دیارترین ئەو هێرشانە بریتی بوو لە بارەگای پارێزگای كەربەلا لە كانونی دووەمی 2007، تیایدا 5 سەربازی ئەمریكی كوژران، هەروەها پرۆسەی هەلكوتانە سەر وەزارەتی دارایی لە ئایاری 2007؛ لەو پرۆسەیەدا 4 بارمتەی بەریتانی كوژران.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2012 ەوە میلشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق هێزەكانی خۆی رەوانەی سوریا كرد بۆ پاڵپشتی كردنی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەم گروپە لە ژێر دەستی ئێران و فەرماندەی تیرۆریست قەیس خەزعەلی دایە؛ كە پیاوێكی ئایینی دیارەو پێش ئەوە وەك فەرماندەیەكی سەربازی لەژێر سەرپەرشتی موقتەدا سەدر كاری كردوە و رۆڵێكی بنەڕەتی گێڕاوە لە كۆكردنەوەی شەڕكەرە شیعیەكان لە رێزەكانیدا.

هۆكارەكان
لای حكومەتی  ئەمریكا هۆكاری تەواو هەیە بۆ پۆلێن كردنی میلشیاكان و باڵە جیاوازەكانی بە گروپە تیرۆریستەكان و سزادانی ئەوانەی تێوەگلاون لە هەرەشەكردن بۆ سەر بەرژەوەندیەكانی و كوشتنی سەرباز و دیبلۆماسیەكانی؛ وەك هەر بابەتێك كە پەیوەندی تیرۆرەوە هەیە لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە.

واشنتۆن بڕوای وایە دابڕینی شەرعیەت لەم رێكخراوە تیرۆریستیانە بۆتە بابەتێكی حاشاهەڵنەگر بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی عێراق؛ كە تیایدا ژمارەی كورسیەكانی ئەو میلشیایانە زیادی كرد و لە سزا نوێیەكاندا هاتوە رێگە بە شوێنكەوتوانی تیرۆریستان نەدرێت ڕۆڵ لە سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەتی ئایندەی عێراقدا بگێڕن.

هەروەها پێدەچێ سزا نوێیەكان ئەنجامی پۆزەتیڤی لێبكەوێتەوە و فەرماندەكانی شەرعیەت لە دەست بدەن و ببێتە مایەی پوچەڵبونەوەی پلانەكانی ئێران، ئەمەش بە فشار خستنە سەر حكومەتی عێراق بە دوورخستنەوەیان لە فەرمانگەكانی دروست كردنی بڕیار لە عێراق.

رێنمایی سیاسی 
سزاكانی ئەمریكا بەسەر میلشیاو فەرماندەكانی سەر بە تاران لە عێراق وا دادەنرێت لە رووی یاساییەوە پاساوی خۆی هەیە. بەڵام كاتی هەر هەنگاوێكی پێشوەختەو رێكخستنی پێكهاتەكانی بابەتێكی گرنگە لە پێناو بەدەست هێنانی ئەو پەڕی كاریگەریی بۆ ئەوەی تاران توانای ئەوەی نەبێت وەڵامدانەوەی عێراق بقۆزێتەوە و پێویستە ئیدارەی ترامپ بە وردی و ئاگاییەوە میكانیزمی سزاكان لەسەر میلشیاو كەسایەتیەكان جێبەجی بكات و لە نزیكەوە هەماهەنگی هەوڵەكان بكرێـت لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ئەو كەسانەی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە بەهۆی ئەوەی هەرەشەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق پێشێلكارییان كردۆتە سەر مافەكانی مرۆڤ، هەروەها پێدەچێ ئامانجی گەورە لەم سزایانەدا دەرخستنی ئیرادەی ئیدارەی سەرۆك ترامپ بێت بۆ لە قاڵبدانی ئێران و ملكەچ پێكردنی بەبێ ئەوەی پایەند بێت بە خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو.

لە ئێستادا، لەسەر واشنتۆن پێویستە ئەوە بۆ عێراقییەكان روون بكاتەوە كە لە كۆتاییدا تیرۆر لە لیستی تیرۆریستاندا پۆلێن دەكات و بە وردیەكی زۆرەوە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی وەك كارەساتێك شكست نەهێنێت وەك لە نێو گفتوگۆكانی پێكهاتنی حكومەت كە باڵ و بەرژەوەندیە جیاوازەكان بۆ لای خۆیان رایندەكێشا.

سەرچاوە: Arab 24
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved