هۆشداری شەرڤانان بۆ ئەگەری هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوا

کوردستان

20/07/2019‌ 1173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەكانی سوریای دیموكرات جەختدەكەنەوە، نایانەوێت لەگەڵ توركیا بكەنەوە جەنگەوە ، هەروەك هۆشداریش دەدەنە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەوەی هەر هێرشێك بۆسەر ناوچە كوردییەكان هەموو ناوجە سنوورییەكان دەبنە گۆرەپانی جەنگ.

لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلۆتیكا"، كە لە هۆڵەندا دەردەچێت ، مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: هیزەكانمان ئامادەن بۆ هەر بێزاركردنێك و پیلانگێڕییەكی دەوڵەتی تورك ، كە هێزێكی زۆری لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان مۆڵداوە.

مەزڵووم دەشڵێت: ئەوەی لە عفرین رویدا ناكرێت لە رۆژهەڵاتی فوراتیش دووبارە ببێتەوە ، هەرگیز رێگە بەوە نادەین.. ئەگەر سوپای تورك دەستپێشخەری كرد و هیرشی كرد سەر ناوچەكانمان ، ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە".

لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەی فەرماندەی هەسەدە دا ناوبراو دەڵێت: ئەگەر سوپای توركیا هێرش بكاتە سەر "گرێ سپی" ئەوە ئەو سنوورەی لە منبجەوە تا دێرك درێژ دەبێتەوە دەبێتە بەرەی جەنگێكی فراوان.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو بڕیارەی بە وڵاتانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دژی داعش راگەیاندووە ، لەناویاندا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و فەرەنسا .

عەبدی جەختیكردووەتەوە ئەگەر جەنگێكی لەوشێوەیە روویدا ، ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی نوێ لەناوخۆی سوریا كە تا كشانەوەی توركیا لە سوریا بەردەوام دەبێت .

سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتۆن لەسەر هەر هێرشێكی شیمانەكراوی توركیا بۆسەر ناوچەكە، عەبدی دەڵێت: لەسەر جەنگی دژی داعش رێكەوتنمان لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەیە ، ئێستا شەرەكانمان لەدژی داعش  لەناوچەكانی دێرەزوور و رەققەیە ، ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەرمان  ئەوە یەكینەكانی پاراستنی گەل كەلەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدان دەكشێنەوە بۆ ناوچە سنوورییەكان ، ئەوەش بەمانای راگرتنی جەنگی دژی داعشە و زیان بە رێكەوتنەكە دەگەیەنێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا