كارمەندی دەزگای میت بووە
رووپۆشێكی شاراوە لەبارەی دۆبلۆماتكارە كوژراوەكەی توركیا لەهەولێر

sharpress.net

1885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

20/07/2019‌

شارپرێس:
عوسمان كۆسە، ئەو دبلۆماتكارەی توركیا لەهەولێر كوژرا، لەئەركێكی شەش مانگی بووە بۆ حكومەتی وڵاتەكەی.

تائێستا هۆكاری كوشتنی عوسمان كۆسەو ئەو دوو هاووڵاتییەی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی نەریمان عوسمان‌و بەشدار رەمەزان بەنادیاری ماونەتەوە.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێگەی "مۆنیتۆر"ی ئەمریكی جەختیانكردووەتەوە، كە ئەوەی روویداوە بەرنامە بۆ دارێژراو بووەو ئاشكراشیان كردووە، دەزگا ئەمنییەكان لەلێكۆڵینەوە لەسەر رووداوەكە بەردەوامن‌و سەیری تۆماری ڤیدیۆی ناو ئەو چێشتخانە دەكەن، كە رووداوی تەقەكردنەكە تێدا روویدا.

هاوكات بەرپرسێكی تر ئەمنی بۆ پێگەكە ئاشكرایكردووە، بەهۆی هەستیاری پرسەكە زۆرێك لەزانیارییەكان بەشاراوەیی هێڵراوەتەوە، بۆ ئەوەی رەوتی لێكۆڵینەوەكان بەئاراستەی تردا نەبرێت.

هاوكات پێگەكە ئاشكرایكردووە، كە بەرپرسانی توركیا گومانیان لەرووداوەكە هەیەو بەو هۆیەشەوە رێگرییان كردووە لەگواستنەوەی زانیارییەكان بۆ ناو میدیاكان‌و لێدوانەكانیشیان لەو بارەوە سنووردار كردووە.

پێگە ئەمریكییەكە هێشتنەوەی لێكۆڵینەوەكانی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، كە رەنگە پەیوەندی بە ئەركەكەی عوسمان كۆسەوە هەبێت لەهەرێمی كوردستان، كە كاری بۆ دەزگای هەواڵگری توركیا MIT كردووە.

لەو بارەشەوە سەرچاوەیەكی باڵای باوەڕپێكراو، كە داوای كردووە ناوی ئاشكرانەكرێت، عوسمان كۆسە ئەندامی دەزگای هەواڵگری توركیایە، كە ماوەیەكیش لەئێران خزمەتی كردووە.

هەروەها ئاشكراشیكردووە، كۆسە كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا نەبووە لەهەولێرو پەیوەندی بازرگانیشی بەچەند كەسێكەوە هەبووە، هۆكاری كوشتنەكەشی سیاسی بووە.

عوسمان كۆسە چوار شەممەی رابردوو لەناو رێستۆرانتێكی شاری هەولێر كوژرا، كە بەهۆی تەقەكردنەوە جگە لەو دوو هاووڵاتی تری هەرێمی كوردستانیش كوژران‌و چەند كەسێكی تریش برینداربوون.
  
ئەو پێگە ئەمریكییە باسی لەوەش كردووە، توركیا بەهۆی رفاندنی دوو ئەندامی دەزگای هەواڵگری لەساڵی 2017 لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، ئێستا تۆڕێكی بەرفراوانی هەواڵگری لەهەرێمی كوردستان دروست كردووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، هیچ زانیارییەك لەبارەی پەیوەندی عوسمان كۆسە بە وەزارەتی دەرەوەی توركیا باس نەكراوە، بۆیە ئەوە دەیسەلمێنێت، كارمەندی ئەو وەزارەتە نەبووە، وەك ئەوەی راگەیەنراوە، جێگری سەركونسوڵی توركیا بووە لەهەولێر.

هـ ـ ح





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved